٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بابکەیی: دوو بۆچوون لەبارەی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم ھەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بڕیارە ڕۆژی ١٨ی شوبات دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ھەڵبژێردرێت و پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێ، ھەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی دەگریتە بەر بۆ ئەوەی بە زووترین کات  سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کارا بکرێـتەوە و حکوومەتی نوێ لە ماوەی یەک مانگدا پێک بێت.

دکتۆر ڕێبوار بابکەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد: "ڕۆژی ١٨ی شوبات دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت و پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی یەکلا بووەتەوە، دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان حکوومەت ڕادەستپێردرێت بۆ ئەوەی کابینەی نۆ پێک بێت، بەربژێری پارتی بۆ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا کابینەکەی پێشکەش بە پەرلەمان دەکات."

پەرلەمانتارەکەی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەڵپەساردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم بۆ لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری بە پێی یاسایەک بووە، تا سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کارا بکرێتەوە پێویستمان بە یاسایەکی دیکە ھەیە، ئەمەش ئەرکی پەرلەمانە بە پڕۆژەیاسایەک دەزگای سەرۆکایەتیی ھەرێم کارا بکرێتەوە، چونکە ڕۆڵی سەرۆکایەتیی ھەرێم لەسەر پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان زۆر گەورەیە."

بابکەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی کاندیدی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەنێو پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت، دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم وەک خۆی دەمێننەوە، تا ئەوکاتەی ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن دەستووری تایبەت بە خۆی."

دکتۆر ڕێبوار بابکەیی ڕوونی کردەوە: "ئەگەر بێت و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمیش دوا بکەوێت ئەوە ئەنجومەنی دادوەری دەسەڵاتی ھەیە کاندیدی پارتی ڕاسپێرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی  حکوومەت، چونکە ئەو دەسەڵاتەی پێشتر لای سەرۆکی ھەرێم بووە، ئێستا لای ئەنجومەنی دادوەرییە و کێشەیەکی یاساییی تێدا نییە، ئێستا دوو بۆچوون ھەن، یەکێکیان دەڵێت، دوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان حکوومەت ڕاسپێردرێت و دواتر سەرۆکی ھەرێم ھەڵبژێردرێت، بۆچوونی دیکەش پێیان وایە بەرلەوەی کابینەی حکوومەت پێک بێت، سەرۆکی ھەرێم ھەڵبژێرن."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار