٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەڵەبجە.. 76 خێزان سكاڵایان لە دادگا تۆمار كردووە.. تا 15-4-2019 سكاڵا وەردەگیردرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

هەڵەبجە-KDP.info- سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، 76 خێزانی هەڵەبجە لە دادگا سكاڵایان تۆمار كردووە و داوای 179 منداڵ دەكەنەوە، كە لە كارەساتی 16-3-1988 لێیان ون بوون. دەشڵێ: "داوا لە بریندارانی چەكی كیمیایی دەكەین لە دادگا سكاڵا دژی ئەو كۆمپانیایانە بەرز بكەنەوە كە هاوكاریی ڕژێمی بەعسیان كردووە".

لوقمان عەبدولقادر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "76 خێزانی هەڵەبجەیی سكاڵایان لە دادگا تۆمار كردووە و دەڵێن لە ڕۆژی كیمیابارانی هەڵەبجەدا 179 منداڵیان لێ ون بوون، بۆیە داوای دۆزینەوەی منداڵەكانیان دەكەن".

زۆرێك لەو خێزانە هەڵەبجەییانەی كە كەسی یەكەم وەك باوك و دایك و برا و خوشكیان شەهید بوون، خاڵ و مام و پوورەكانیان ناڕۆن لە دادگا سكاڵا تۆمار بكەن و سمپڵی خوێن لە سەنتەری پشكنینی خوێن بدەن بۆ پشكنینی (دی ئێن ئەی)، تاوەكو ئەو منداڵە هەڵەبجەییانەی كەسی یەكەمیان نەماوە، لە ڕێگەی خاڵو مام و پوورەكانیانەوە بدۆزرێنەوە.

عەبدولقادر گوتیشی: "داوا لە تەواوی كەسوكاری منداڵی ونبوو دەكەین كە نەوەی برا و خوشكیان لە ڕۆژی كیمیاباران ون بووە و باوك و دایكیان شەهید بوون، با بێن و سمپڵی خوێن بكەن تاوەكو هەر منداڵێكی هەڵەبجەیی كە كەسی یەكەمی لە ژیاندا نەماوە، لە ڕێگەی كەسی دووەمەوە بدۆزرێنەوە كە خاڵ و مام و پوورەكانیان دەكات".

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە زیاتر ڕوونی كردەوە: "بە هۆی ئەوەی هەڵە لە پشكنینی مریەم باروتچیان كرا، كە بە كچی خێزانێك ناسێندرا، بەڵام پاشتر خێزانەكە داوایان كرد جارێكی دیكە پشكنیان بۆ دووبارە بكرێتەوە، ئەوە بوو لە دووبارە پشكنینەوەدا بۆیان دەركەوت ئەو كچە، كچی ئەو خێزانە نییە، ئەوەش گومانی خستە دڵی چەند خێزانێكی هەڵەبجەییەوە و ئێستاش خێزانی  (ئەعزەمی موسەیام) كە ناوە كوردییەكەی (چیا تەیب)ـە، داوای پشكنینەوە بۆ ئەو كچە دەكەن".

لوقمان عەبدولقادر دەشڵێ: "داوا لە تەواوی برینداران و كەسوكاری شەهیدان دەكەم، بڕۆن لە دادگا سكاڵا دژی تەواوی ئەو كۆمپانیا و كەسانە تۆمار بكەن كە هاوبەشی تاوانی قێزەونی كیمیابارانی هەڵەبجە بوون، تاوەكو لە ڕێگەی دادگاوە سزا بدرێن و قەرەبووی تەواوی هەڵەبجەییەكانیش بكەنەوە، كە تا 15-4-2019 سكاڵا وەردەگیردرێت".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

هەواڵی پەیوەندیدار