حکوومەتی ھەرێم بڕیاری داوە ئەمساڵ کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی ئەنجام بدات

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی پێوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە قەرزی بەڵێندەران بداتەوە و کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژیش جێبەجێ دەکات، لەوانە دروستکردنی کۆمەڵێک قوتابخانە و شەقامی ١٥٠ مەتری و ڕێگای ھەولێر بۆ گۆپاڵە و کردنەوەی تونێلی پیرمام، بۆیە ئەمساڵ ساڵی بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری دەبێت.
بەرپرسی پێوەندییەکانی یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان، بەشار عەلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی کەرتی وەبەرھێنان چەندین بڕیاری گرنگی داوە، کە ئێستا لە ژێر دەستی ئەواندایە و کاری لەسەر دەکەن، لەوانە دابینکردنی پارە بۆ بەڵێندەران بۆ ئەو پڕۆژانەی ڕاگیراون و ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی نوێش ئەنجام دەدرێن و ئێستا دەستی پێ کردووە، لەوانە دروستکردنی ٨ قوتابخانەی ١٨ پۆلی لە ھەولێر و جارێکی دیکە ٢٠% قەرزی بەڵێندەران خەرج دەکرێت."
بەشار عەلی گوتیشی: "ئەو پڕۆژانەی لە شارۆچکەکان و گوندەکانیش ئەنجام دەدرێن حکوومەت بڕیاری داوە دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێت و ھەر یەکێک کار نەکات پڕۆژەکەی لێ وەردەگیرێتەوە، بۆیە حکوومەتی ھەرێم کاری جددی دەکات بۆ پەرەپێدانی کەرتی وەبەرھێنان."
عەلی باسی لەوەش کرد: "پارە بۆ دروستکردنی ئەو ٨ قوتابخانەیە دابین کراوە و دەست بە دروستکردنیان کراوە کە وەزارەتی پەروەردە سەرپەرشتییان دەکات و جگە لەوە لە شوێنەکانی دیکەش قوتابخانە دروست دەکرێن."
بەشار عەلی دەشڵێ: "چەندین پڕۆژەی دیکەش لە جێبەجێکردندان، لەوانە ڕێگای ھەولێر بۆ گۆپاڵە و شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێر و ڕێگای بەردەڕش بۆ کەڵەکیش پڕۆژەیەکی دیکەیە و کار دەکرێت بۆ کردنەوەی تونێلی پیرمامیش، بۆیە بەگشتی ئەمساڵ ساڵی بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەبێت."
بڵند ئیبراھیم




