دارا جەلیل خەیات: هەنگاو دەنێین هەولێر ببێتە ناوەندی ستراتیژییەتی ئابووریی ناوچەكە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، باس لەوە دەكات كە ئومێدیان بەوە هەیە هەنگاوەكانی بەهێزكردنی پێگەی ستراتیژیی ئابووریی كوردستان خێراتر بكەن و دەشڵێت، زۆرێك لە وڵاتان ئامادەییان بۆ وەبەرهێنان لە كوردستاندا دەربڕیوە.
دارا جەلیل خەیات، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "چەند رۆژپێش ئێستا سەرۆك بارزانی لەسەر بانگهێشتی تایبەتی پاشایی ئوردن لەو وڵاتە بووە و ئوردن دەیەوێت پەیوەندیی باشی لەگەڵ كوردستاندا هەبێت، كە وڵاتێكی گرینگە لە ناوچەكەدا و بە هەمان شێوە دەوڵەتانی عەرەبییش دەیانەوێت لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكانیان بەهێزتر بكەن، كە بێگومان ئەمانە كاریگەریی باشیان لەسەر ئابووریی كوردستان دەبێت".
خەیات گوتیشی: "گەشبینین بەوەی وڵاتانی عەرەبی خەڵكی خۆیان هان بدەن لە كوردستان وەبەرهێنان بكەن، ئێمەش دەبێت هاوكارییان بكەین و ببینە لایەنێكی باش لەو نێوانەدا، هەروەها گرینگە یاسا ئابوورییەكانی كوردستان لەگەڵ پێشكەوتنی كوردستاندا بگونجێنرێن، بە تایبەت دەوڵەتە عەرەبییەكان كە دەیانەوێت بێنە پێشەوە".

دەشڵێ: "ژووری بازرگانی و پیشەسازیی كوردستان و وەبەرهێنەرانی كوردستان، پەیوەندیی باشیان لەگەڵ دەوڵهتە عەرەبییەكان دروست كردووە، چەند مانگێك پێش ئێستایش شاندێكی بازرگانیی سعوودیە هاتنە كوردستان و هیوادارین ئەو پەیوەندییە بەهێزتر بكرێت، بە هەمان شێوە ئێرانیش پێی خۆشە پەیوەندیی لەگەڵ كوردستان لە رووی ئابوورییەوە باش بكات و هاتنی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بۆ كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەت، دەرخەری پەرۆشیی ئێرانە لەو رووەوە، هەروەها وڵاتانی دیكەیش بە هەمان شێوە، بە تایبەت هەنگاوەكانی ئەم دواییەی میسر بەرانبەر بە كوردستان، دڵخۆشكەرن".
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئاماژە دەدات: "ئومێدمان بەوە هەیە هەنگاوەكان بەو ئاڕاستە بنێین كە هەولێر ببێتە ناوەندی ستراتیژی و گرینگی ئابووریی ناوچەكە و دەبێت ئێمەیش بە جیددی هەوڵی بۆ بدەین".
كارزان سەباح هەورامی




