پێكھاتەكان پێدانی پۆستی باڵا لەلایەن پارتییەوە، بەرز دەنرخێنن

ھەولێر-KDP.info- پێكھاتەی توركمان و مەسیحی لە ھەرێمی كوردستان، ھەڵوێستی پارتی لەبارەی پێدانی پۆستی باڵا بە پێكھاتەكان بەرز دەنرخێنن و دەڵێن، پێدانی ئەو پۆستە، دەبێتە ھۆی ئەوەی پێكھاتەكان هاوبەشی راستەقینە بن لە دەسەڵاتدا.
مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوێنێ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوە كرد، ئەوان پێیان باشە پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بدرێتە پێكھاتەكان.
لەو بارەیەوە، وەحیدە یاقۆ ھورمز، نوێنەری مەسیحییەكان لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە ئەو ھەڵوێستەی پارتی بەرز دەنرخێنین، چونكە پێدانی پۆستێكی باڵا دەبێتە ھۆی ئەوەی پێكھاتەكان بەشداری راستەقینە بن لە دەسەڵاتدا، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لەسەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی، حكوومەتی داھاتوو بەھێز دەبێت و ئەمەش پێویستی بەوە هەیە پێكھاتەكانیش پۆستێكی باڵایان پێ بدرێت".
ھورمز گوتیشی، پێدانی پۆستێكی باڵا بە پێكھاتەكان، دەبێتە ھۆی ئەوەی پێكەوەژیان لە ھەرێمی كوردستان زیاتر بچەسپێت و ئەمە لە دنیاشدا زیاتر بایەخی پێ دەدرێت، كە ھەرێمی كوردستان رێز لە ھەموو پێكھاتەكان دەگرێت و شوێنی پێكەوەژیانە، بۆیە ئەو ھەڵوێستەی پارتی گرینگە و پێویستە ھەموو لایەنەكان پشتگیری لێ بكەن.
لای خۆشیەوە، نوێنەری توركمانەكان لە پەرلەمانی كوردستان، مونا قەھوەچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ھەڵوێستەكەی پارتی زۆر گرینگە و بەرزی دەنرخێنین، چونكە ئێمە لە پڕۆژەی خۆیشماندا بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت، ئاماژەمان بەوە كردووە كە پۆستێكی باڵا بدرێتە پێكھاتەكان، چونكە پێویستە پێكھاتەكان بەشداریی حەقیقیان لە دەسەڵاتی بڕیارداندا ھەبێت".
قەھوەچی باسی لەوەش كرد: "پێدانی پۆستێكی باڵا بە پێكھاتەكان، دەبێتە ھۆی ئەوەی كە ھاوشێوەی كورد بەشداری لە دەسەڵاتی بڕیارداندا بكەن و تەنیا خاوەن پەرلەمانتار نابن لە پەرلەمان، چونكە ئێمەیش خۆمان بە خاوەنی ئەو وڵاتە دەزانین".
بڵند ئیبراھیم




