٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوتەبێژی پارتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی راگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان مەحموود محەمەد رایگەیاند، کە لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەماندا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێردرێت.

ئەمڕۆ لە هەولێر پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوە. گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان مەحموود محەمەد لە بارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە پارتی و یەکێتی لەسەر چەند خاڵ رێککەوتن و بڕیاریشە لە ١٨ی شوباتدا پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و لە هەمانڕۆژیشدا لە هەولێر ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ دەبێتەوە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش بۆ هەڵەسەنگاندنی دۆخی شارەکەیە.
سەبارەت بە رێککەوتنی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی مەحموود محەمەد زانیاری زیاتری دا و گوتی، دوو کەس راسپێردراون بۆ ئەوەی کە پڕۆژەی هاوبەشی نێوان هەردوو حزب یەک بخەن و دواتر پڕۆژەکە دەدرێتە مەکتەبی سیاسی هەردوولا.
سەبارەت بە سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، مەحموود محەمەد ئاشکرای کرد کە پارتی سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات.
لە وەڵامی رۆژنامەواناندا گوتەبێژی پارتی ئاشکرای کرد کە پارێزگاری کەرکووک بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی دادەنرێت.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان، مەحموود محەمەد دەڵێ، کۆبوونەوەی سێقۆڵی بۆ نووسینەوەی کارنامەی حکوومەتی نوێ بوو، رەنگە لایەنی تریش بێنە نێو گفتوگۆکان، بۆیە جارێ ئەو کۆبوونەوەیە نەکراوە.


سەبارەت بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ١٨ی ئەم مانگەدا، مەحموود محەمەد ئاشکرای کرد کە لە یەکەم کۆبوونەوەدا دەستەی سەرۆکایەتی پەلەمانی کوردستان هەڵدەبژێردرێت.
لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە پێکهاتەکانی کوردستان، مەحموود محەمەد رایگەیاند کە وەک پارتی بە باشی دەزانن کە جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە پێکهاتەکان بدرێت.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار