٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داعش لە نێو شاری خانەقیندا هەن

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خەباتی پارتی دەڵێ، داعش لە نێو شاری خانەقیندا بەردەوام لە چالاكیدان و هەر ئەمشەو لە گەڕەكی بەختیاری هێرشیان كردووەتە سەر بازگەیەكی هێزە ئەمنییەكان و بە هۆی ڕەوشی خراپی ئەمنییەوە كوردانی خانەقین بەردەوامن لە چۆڵكردنی شارەكە و عەرەبەكانی ناوچەكانی تر دێنە خانەقین و لەوێ نیشتەجێ دەبن.

خانەقین شارۆچكەیەكی فرەپێكهاتەی كوردستانییە و نزیكەی 200هەزار كەسی تێدا دەژی. لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هێزە جیاوازەکانی عێراق هاتوونەتە شارەكە و، ئێستا چەكدارانی داعش لە سەرنتەری شارۆچكەكەدا چالاكی دەکەن.

عامر ڕەفعەت، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خەباتی پارتی، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێش ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر خانەقین ڕەوشێكی زۆر ئارامی هەبوو، بەڵام دوای هاتنی میلیشیا و هێزەکانی عێراق ڕەوشی ئەمنیی شارەكە زۆر خراپ بووە و ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت. داعش لە نێو شاری خانەقین بەردەوام لە چالاكیدان و هەر ئەمشەو لە گەرەكی بەختیاری هێرشیان كردووەتە سەر بازگەیەكی هێزە ئەمنییەكان و دوو كارمەندیان لێ بریندار كردوون. جیا لەوەش، تیرۆرستان قەناس بەدەستیان لە نێو شار هەیە و چەندین جار كردەوەی تیرۆریستییان ئەنجام داوە."

عامر ڕەفعەت ئاماژەیشی دا: "بە هۆی ڕەوشی خراپی ئەمنیی شارەكەوە، كوردانی خانەقین بەردەوامن لە چۆڵكردنی شارەكە. لە بەرانبەریشدا عەرەبەكانی ناوچەكانی تر دێنە خانەقین و لەوێ نیشتەجێ دەبن. تیرۆریستانی داعش هێرشەكانیان لە بەرژەوەندیی حەشدی شەعبی چڕ كردووەتەوە. حەشدیش بەردەوام هێرش دەكەنە سەر كوردەكانی ناوچەكە و بە ناوی بەرگریكردنەوە دەچنە هەموو شوێنێك و خەڵك دەڕفێنن و هێرش دەكەنە سەر سەروماڵی هاووڵاتییان."

بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خەبات جەختیشی كردەوە: "بۆ ئەوەی ناوچەكە لە ڕووی سەربازی و جوگرافییەوە چارەسەر بێت و ئەمنییەت بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە پێویستە ماددەی 140ی دەستوور كارا بكرێتەوە و جێبەجێ بكرێت و هێزی پێشمەرگە بگەڕێندرێتەوە."

سەرباز واحد

 

هەواڵی پەیوەندیدار