٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پلان ھەیە ژمارەیەك سایلۆی نوێ لە هەرێم دروست بكرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ساڵانە بە ھۆی كەمیی شوێنی ھەڵگرتنی بەرھەمی گەنمی جووتیارانەوە، بەرھەمەكە لەناو دەچێت، بەڵام وەك بەرپرسێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، پلان ھەیە ئەمساڵ ژمارەیەك سایلۆی نوێ لە ھەرێمی كوردستان دروست بكرێن.

دكتۆر عەبدولڕەزاق ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، پلانی ئەمساڵی وەزارەتەكەیانی بۆ گرینگیدان بە كەرتی ئابووری و چاندن ئاشكرا كرد و دەڵێ، حكوومەت پلانی ھەیە ئەمساڵ زیاتر گرینگی بە دروستكردنی سایلۆ بدات و بڕیارە ژمارەیەك سایلۆی نوێ لە ھەرێمی كوردستان دروست بكرێن، كە بە شێوەیەكی پێشكەوتوو بۆ ھەڵگرتنی بەرھەمی گەنمی جووتیاران بەكار دەھێندرێن.

لە ھەرێمی كوردستان پێشتر تەنیا سێ سایلۆ ھەبوون، كە ئەوانیش سایلۆی ھەولێر و سلێمانی و دھۆك بوون، بەوەش لە وەرزی دروێنەدا بە ھۆی نەبوونی سایلۆی پێویستەوە زیانێكی زۆر بە جووتیارانی ھەرێمی كوردستان دەكەوت، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی كوردستان، گوتی: "راستە پێشتر سێ سایلۆ لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستاندا ھەبوون، بەڵام حكوومەت بەردەوام كاری كردووە و پلانی ھەبووە بۆ زیادكردنی ژمارەی سایلۆكان".

ناوەندەیی زیاتر روونی كردەوە: "لە ئێستادا ٣٨ سایلۆ و كۆگای ھەڵگرتنی بەرھەمی گەنمی جووتیاران ھەن و رەوشەكە زۆر باشترە لە پێشوو، بەڵام خواستی ئێمە لەوە زیاترە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی تەندروست گەنمی ھەرێمی كوردستان كۆگا بكرێت".

ئەو گەنمەی لە ھەرێمی كوردستان بەرھەم دێت، ساڵانە لەرێگەی وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە لە جووتیاران دەكڕدرێتەوە و دوای پاككردنەوە رەوانەی ئاشەكان دەكرێت و دواتر بە ئارد لە رێگەی بریكارەكانەوە بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا بۆچی گەنمی ھەرێمی كوردستان ھەر لێرەوە ناكرێت بە ئارد تا دابەشی سەر ھاووڵاتیان بكرێت، دكتۆر عەبدولڕەزاق ئاماژەی دا: "كڕینی گەنم لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە ساڵانە لە بودجەدا پارەیەكی زۆری بۆ تەرخان دەكرێت، چونكە كڕینەوەی گەنم و بەكارھێنانی وەك ئارد لە چوارچێوەی بەرنامەی نەوت بەرانبەر بە خۆراكە، كە پێی دەگوترێت بڕیاری ٩٨٦ی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەوەش وای كردووە تەنیا یەك سەرچاوە ھەبێت بۆ كڕینەوەی گەنم و دابەشكردنی ئارد، بەو ھۆیەوە ئێمە ناتوانین گەنم بكڕینەوە و دواتر بە ئارد دابەشی بكەین، ئەو بەرنامەی دابەشكردنی خۆراكیش، لە ساڵی ١٩٩٦ بە دواوە بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێت".

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار