٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمساڵ ھەرێمی کوردستان لە بەردەم گەشەیەکی بەھێزی ئابووریدایە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ھەرێمی کوردستان لە قۆناغی گەشەی ئابووریدایە و چاودێران و شارەزایانیش پێیان وایە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەسەر قەیرانەکانی ڕابردوودا زاڵ بێت، پێویستە ئەزموون لە ساڵانی ڕابردوو وەربگرێت. پسپۆڕێکی ئابووریی سیاسی دەخوازێت، زیاتر گرینگی بە پڕۆژە ستراتیژەکان بدرێت بۆ ئەوەی داھاتی ھەرێمی کوردستان زیاد بکرێت.

ئەمساڵ بۆ ھەرێمی کوردستان چاوەڕێی گەشەیەکی بەرچاوی ئابووری دەکرێت، ھەندێک بە ساڵی تێپەڕاندنی قەیرانەکان ناوی دەبەن. بە پێی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن لە چەند مانگی دابێت ئابووریی ھەرێمی کوردستان بکەوێتە قۆناغێکی نوێی گەشەکردن و لە زۆربەی کەرتەکاندا ھەرێم بکەوێتەوە سەرپێ.

لەوبارەیەوە، دکتۆر ئەرشەد تەھا، پسپۆڕی ئابووریی سیاسی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێویستە پێداچوونەوە بە یاسای وەبەرھێناندا بکرێت بە شێوەیەک زیاتر گرنگی بە پڕۆژە ستراتیژییەکان بدرێت، ئەوانەی کە دەبنە ھۆی سەرچاوەی داھات بۆ حکوومەت و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی پڕۆژە ستراتیژییەکان ڕێژەی بێکاری کەم دەکەنەوە و داھاتی وڵاتیش زیاد دەبێت، بەداخەوە ساڵانی ڕابردوو زیاتر گرنگی بە پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە بواری نیشتەجێبووندا دراوە، ئەمەش کێشەی بۆ خەڵک و حکوومەت دروست کرد."

پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و گەرەنتیکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ھۆکارانەی دەبێتە سەرچاوەی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و جگە لەوە لە چەندین ڕێگاوە پارە دەگاتە ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم ھۆکارێکی دیکەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سەختی ساڵانی ڕابردوو.

یەکێک لەو کەرتانەی بڕیارە لە کابینەی دابێت گرینگیی پێ بدرێت کەرتی وەبەرھێنانە، لە لێدوانێکی پێشوویدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان ڕایگەیاندبوو: "جگە لە خواستێکی زۆری وەبەرھێنەرانی ناوخۆ، لە لایەن کۆمپانیا وەبەرھێنەرەکانی بیانیش خواست لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان ھەیە، لە ئێستاشەوە ژمارەیەک وڵاتی جیھان ئامادەییان نیشان داوە بۆ ئەوەی بەشدار بن لە پڕۆژەکانی ھەرێمی کوردستاندا."

دکتۆر ئەرشەد تەھا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەرکە لەسەر کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلانێکی گشتگیری ھەبێت بۆ کەرتی وەبەرھێنان و سوود لە ھەڵەکانی ڕابردوو وەربگرێت بە شێوەیەک بە سیاسەتی ئابووریی خۆیدا بچێتەوە تا ئەگەر ڕۆژێک قەیرانێک ڕووی لە ھەرێم کرد سەرچاوەی داھاتی ھەبێت و بە سیاسەتی ئابووریی خۆیدا بچێتەوە و چاکسازیی ڕیشەیی تێدا بکرێت."

قائید میرۆ 

 

هەواڵی پەیوەندیدار