٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرمانگەی ھەماھەنگی: ئاوارەكان لە دۆخێكی خراپدان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەكان دەڵێ، ئاوارەكانی ناوخۆ لە ھەرێمی كوردستان ملیۆنێك و ١٠٠ھەزار كەسن، كە لە ٢٨ كەمپدان و لە ئێستادا لە دۆخێكی سەختدا دەژین، چونكە حكوومەتی عێراق ھیچ ھاوكارییەكیان ناكات.

بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەكان لە ھەرێمی كوردستان، ھۆشەنگ محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەتی عێراق ھەموو جۆرە ھاوكارییەكی لەسەر ئاوارەكانی ھەرێمی كوردستان بڕیوە، كە پێشتر ھەندێك خۆراكیان پێ دەدان، بەڵام ئێستا ئەوەش نادەن و نەوت بۆ خەڵك دابین ناكەن و گازوایل بۆ مۆلیدەكان نانێرن، هەروەها ١٤ھەزار خێوەتی كەمپەكان پێویستییان بە گۆڕینە و نایانگۆڕن، بۆیە لەم وەرزی سەرمایەدا دۆخی ئاوارەكان  زۆر خراپە و ژیانیان سەختە".

محەمەد گوتیشی: "ئێمە ھەموو پێداویستییەكی ئاوارەكانمان ئامادە كردووە و وەزیری ناوخۆش واژۆی لەسەر كردووە، كە لە لیژنەی باڵا پەسەند كراوە و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش پەسەندی كردووە، بەڵام ھیچ ھەنگاوێك نەنراوە و ھیچی جێبەجێ نەكراوە".

دەشڵێ، ٢٨ كەمپی ئاوارەی ناوخۆیی لە ھەرێمی كوردستان ھەن، كە ١٧ لەوانە لە دھۆك و حەوت لە ھەولێر و چوار كەمپیش لە سلێمانین، كە یەك ملیۆن و ١٠٠ھەزار ئاوارە لە خۆ دەگرن، جگە لەوەش، ١٠كەمپی ئاوارەی سووریا لە ھەرێمی كوردستان ھەن، كە ٥ كەمپ لە دھۆك و چوار لە ھەولێر و كەمپێكیش لە سلێمانییە.

بە گوتەی ئەو، ئەوان لەرێگەی رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان و دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە، ھاوكاریی ئاوارەكان دەكەن، بەڵام لە توانادا نییە ھەموو پێداویستییەكیان بۆ دابین بكرێت، چونكە خەرجیی ئاوارەكان ساڵانە ملیارێك و ٩٠٠ملیۆن دینارە، كە ئەو پارەیەش لە بەردەستدا نییە.

بەرپرسی فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەكان ڕوونیشی كردەوە، ئاوارەكان بە ھۆی خراپیی دۆخی ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزاری لە ناوچەكانیان، ناتوانن بگەڕێنەوە، ئەو بەشەی كە گەڕاویشنەتەوە ناوچەكانیان، دووبارە دەگەڕێنەوە ھەرێم، كە لە ساڵی ڕابردوودا ٣٢ھەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە ھەرێمی كوردستان.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار