٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جموجۆڵی بازرگانی لە دهۆك زیادی كردووە

سەرچاوە: KDP.info

دھۆك-KDP.info- سەرۆكی ژووری بازرگانیی دھۆك رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای دھۆك جموجۆڵی بازرگانی زۆر زیادی كردووە، بەڵام حەشدی شەعبی لە رێگەی دانانی خاڵی گومرگی نایاساییەوە بەربەست دروست دەكەن، بڕیاریشە تا ١٠ رۆژی دیكە ئەو خاڵانە بە تەواوی دابخرێن.

ئەیاد حەسەن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "جموجۆڵی بازرگانی رۆژ بە رۆژ لە سنووری ئێمە لە زیادبووندایە و لە ئێستادا بەردەوام كۆمپانیای زیاتر لە سنووری دھۆك دێن وەبەرھێنان دەكەن، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام بە حوكمی ئەوەی بازرگانیكردنی ئێمە زیاتر لەگەڵ شارەكانی عێراقە، دانانی خاڵە گومرگە نایاساییەكان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە بەربەستی بۆ ئێمە دروست كردووە، ئەگەر نا جموجۆڵەكە زۆر زیاتر دەبێت لەوەی ئێستا".

حەسەن گوتیشی: "ئەو خاڵە گومرگیانەی كە دانراون، حەشدی شەعبی راستەوخۆ سەرپەرشتییان دەكەن و حكوومەتی عێراقیش ھیچ دەسەڵاتی بەسەریانەوە نییە، بۆیە ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان باج و گومرگ لە بارزگانان وەردەگرن، ئەمەش كاریگەریی خراپی ھەبووە، لەبەر ئەوە داوامان كردووە ئەو خاڵە گومرگیانە ھەڵبگیرێن و بەڵێنیش دراوە تاوەكو ١٠رۆژی دیكە ئەو خاڵە گومرگیانە ھەڵبگیرێن، كە بێگومان ئەو كاتیش جموجۆڵی بازرگانی لە سنووری پارێزگای دھۆك بە رێژەیەكی بەرچاو زیاد دەكات".

بڵند ئیبراھیم   

هەواڵی پەیوەندیدار