دوایین زانیاری لەبارەی خانووەكانی گوندی كۆری لە ھەولێر

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای ھەولێر گوتی، بۆ چارەكردنی كێشەی دروستكردنی گوندی كۆری لە شاری ھەولێر، چەندین پێشنیاز كراون و كامیان لە بەرژەوەندیی خەڵكدا بێت، ئەو پێشنیازە بڕیاری لێ دەدرێت.
لە سنووری پارێزگای ھەولێر، پێش قەیرانی دارایی بڕیار درا حەوت ھەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدرامەت دروست بكرێن، كە بە ناوی گوندی كۆرییە، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە نەتواندراوە ھەمووی دروست بكرێت و تەنھا دوو ھەزاریان تەواو بوون، بۆیە ئێستا حكوومەت لە ھەوڵدایە ئەو كێشەیە بە جۆرێك چارە بكات كە لە بەرژەوەندیی خەڵكدا بێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای ھەولێر، ھەمزە حامید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گوندی كۆری پڕۆژەیەكی وەبەرھێنانە و پڕۆژەی حكوومەت نییە، بۆیە پێویستە حكوومەت لەگەڵ وەبەرھێنان و خاوەنی كۆمپانیا بڕیارێك بدەن كە لە بەرژەوەندیی خەڵكیدا بێت، چونكە دۆخەكە ئێستا وایە و خاوەنی پڕۆژەكە ناتوانێ جێبەجێی بكات بە ھۆی ئەو قەیرانەی دروست بووە".
حامید گوتیشی، چەندین پێشنیاز بۆ چارەكردنی ئەو گرفتە هەن و دەیانەوێت بە جۆرێك یەكلا بكرێتەوە كە لە بەرژەوەندیی خەڵكدا بێت، كە یەكێك لە پێشنیازەكان ئەوەیە، قیستی خەڵك بدرێتەوە كە حەوت ھەزار دۆلارە و پارچەیەك زەوییشیان پێ درێت، بەڵام ھێشتا بڕیاری كۆتایی لێ نەدراوە.
دەشڵێ، ھەزار خانوو بۆ ھاووڵاتیان و ھەزاریش بۆ دكتۆرەكان تەواو بوون و ئەوەیان بۆ خەڵك یەكلا بووەتەوە، بەڵام نزیكەی پێنج ھەزار خانوو ماون تەواو بكرێن، كە بەشێكیان دەستیان پێكراوە و خەڵكیش قیستی یەكەمی داوە، بۆیە ئەو پرسە لە بەرژەوەندیی خەڵكدا یەكلا دەكرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




