د. عەبدولحەكیم: کۆدەنگیی لایەنە سیاسییەکان ھەرێمی کوردستان دەباتە ئاستێکی باڵاتر

هەولێر-KDP.info- بە گوتەی پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان، پێویستە ھەندێ ھێڵی گشتی ھەبن و ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پابەند بن بەو ھێڵە گشتییانەوە تا لە ڕووی سیاسییەوە سەقامگیریی تەواو بۆ ھەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە. دەشڵێت: ھێڵە گشتییەکان بەھێزی و سەربەخۆییی دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان و چۆنیەتیی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا، بەتایبەتی لە پرسە چارەنووسسازەکانی، وەک پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
لەوبارەیەوە، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھاوڕایی و یەکھەڵوێستیی ھێز و لایەنە کوردستانییەکان بۆ قۆناغی ئێستای گەشەکردنی ھەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەو پێشھاتانەدا کە ڕوو دەدەن زۆر گرنگە، لە داھاتووشدا گرنگە کە گوتارێکی ھاوبەش ھەبێت."
لە چوار ساڵی ڕابردوودا بە ھۆی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی دارایی و پەرتەوازەییی لایەنە سیاسییەکانەوە ھەرێمی کوردستان قۆناغێکی سەختی دەرباز کرد و چاودێران ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە ھەرێمی کوردستان لە قۆناغی گەشەی ئابووری و سیاسیدایە و پێویستە پڕۆسەی سیاسی بکەوێتەوە ڕەوشی ئاساییی خۆی بۆ ئەوەی پێکەوە داھاتوویەکی باشتر گەرەنتی بکرێت.
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان گوتی: "لەسەر وردەکاریی سیاسەتی گشتی، شتێکی ئاساییە جیاوازی لە بۆچوونی حزبەکاندا ھەبێت، لە ھەموو دنیاش ئەوە نۆڕماڵە، بەتایبەتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا جیاوازییەک ھەیە لە وردەکاریدا ئەوەیدا کە چۆن سیاسەتی دارایی و سیاسی و ئەمنی بەڕێوە دەبەن، ئەمانە نابنە کێشەیەک بۆ ئەوەی پەرتەوازەیی زیانی لێ بکەوێتەوە، لەبەر ئەوەی ھەر جیاوازییەک ھەبێت لە ھەڵوێستی لایەنە سیاسییەکاندا کارێکی مەترسیدار نییە، ئەوەی جێگەی مەترسییە، نەبوونی یەکهەڵوێستی لە پرسە چارەنووسسازەکاندایە، کە دەبێ بە پاڵپشتیی یەکدی ڕووبەڕووی تەحەدیات و ھەڕەشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان ببنەوە."
لەبارەی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی بۆ پێکھێنانی کابینەی حکوومەت و پێکەوە کارکردن بۆ چوار ساڵی ئایندە، دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ ڕوونی کردەوە: "پارتی و یەکێتی پێشتر ڕێککەوتنیان ھەبووە، ھەندێ بنەمای ھاوبەشیان ھەیە و پێشتریش کاریان لەسەر کردووە و پێکەوە بوونە، ڕاستە ھەندێک جار پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی ھەوراز و نشێوی تێدا بووە، بە بڕوای من دوای ئەوەی پارتی و یەکێتی پێکەوە حکوومەت پێک دێنن، ئەو گرفتانەی ڕابردوو کەمتر دەبنەوە و زیاتر تەبا دەبن."
قائید میرۆ




