٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەریق جەمال: كۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق ئەرێنی بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  دوێنێ كۆبوونەوەیەك بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە پلەدار و بەرپرسانی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق بەڕێوە چوو، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێ، كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە.

‌شاندێكی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق، كە پێك هاتبوو لە فەریق روكن عەبدولئەمیر رەشید یاڕەڵڵا، جێگری سەرۆكئەركانی سوپای عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنەكان و شاندێكی یاوەری، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان كرد و لەلایەن كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت، پێشوازییان لێ كرا، دواتر بە سەرپەرشتیی فەریق جەمال محەمەد، سەرۆكی ئەركان و فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، كۆبوونەوەیەك بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە پلەدار و بەرپرسانی سەربازیی هەردوولا بەڕێوە چوو.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، فەریق جەمال محەمەد ئێمینكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوێنێ دووشەممە، شاندێكی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق و شاندی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە دوای 16ی ئۆكتۆبەر یەكەم كۆبوونەوەمان ئەنجام دا، لیژنەی باڵا و فەرعی لە هەردوولا پێك هێنراوە بۆ ئەوەی ئالییەتێك دابنێین تا لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا بگەینە ئەنجام، بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكان بەردەوام بن لەبارەی هەماهەنگی و پەیوەندییەكان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم."

فەریق جەمال ڕاشیگەیاند: " كۆبوونەوەكەی دوێنێ ئەرێنی بوو، لە بەرنامەشدایە یەكەم جار رووپێوی ناوچەكان بكرێت و دواتر لیژنەكانی هەردوولا ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە دەكەن و لەگەڵ یەكتری دادەنیشن و گفتوگۆ دەكەن، هەر لایەنێك پێشنیازی خۆی بە لایەنی خۆی دەدات ئینجا پێشنیازەكان لەلایەن لیژنەی باڵای هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر دەكرێ تا بگەینە ئەنجام".

سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ئاماژەشی دا: "كۆبوونەوەی دوێنێ لەسەر رۆشنایی ئەوە بوو كە سەرۆكئەركانی سوپای عێراق سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی كردبوو و ئەو بابەتەی لەلای جەنابیان خستبووە ڕوو، سەرۆكیش ڕەزامەندی دەربڕیبوو بەوەی كە لیژنەكان پێك بهێنرێن و دانوستان بكەن."

نەشوان بەرزنجی

 

هەواڵی پەیوەندیدار