دەروازەی سەرزێڕێ کرایەوە

سەرزێڕی-KDP.info- دوای داخستنی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، ئەمڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێ کرایەوە. بەڕێوەبەری دەروازەکەش دەڵێ، ھۆکارەکەی لە نێو خاکی تورکیا بووە و ئەمڕۆ دووشەممە تورکیا خۆی ڕێگاکەی کردەوە.
عیرفان سلێمان، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی دەروازە نێودەوڵەتیی سەرزێڕێ ئاشکرای کرد: "ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمی ھاتوچۆ لە ڕێگەی کۆمەڵگەی دەروازەی سەرزێڕێوە دەستی پێ کردووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە ١٣ ڕۆژ لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە و لە دیوی تورکیاوە دەروازە داخرابوو."
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھۆکاری گرتنی دەروازەی سەرزێڕێ بۆ چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە دەگەڕێتەوە، کە لە دیوی تورکیاوە چەکدارانی پەکەکە چوار ھاووڵاتییان دەستگیر کردبوو، حکوومەتی تورکیاش بەو ھۆیەوە ڕێگاکەی داخستبوو."
دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێ دەکەوێتە سنووری ناحیەی کانی ماسیی قەزای ئامێدی و ڕۆژانە نزیکەی ھەزار گەشتیار لەو ڕێگەیەوە ھاتوچۆی تورکیا و ھەرێمی کوردستان دەکەن.
سلێمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لای ئێمەوە وەک ھەرێمی کوردستان ھیچ ھۆکارێک ڕووی نەداوە و ئیدارەی پارێزگای دھۆک و حکوومەتی تورکیا پەیوەندییان ھەبووە بۆ کردنەوەی ڕێگاکە."
عیرفان سلێمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامن لەسەر ئەوەی دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێ لە گەشتیارییەوە بکرێتە بازرگانی."
قائید میرۆ




