فراكسیۆنی پارتی: كاری لەپێشینەمان پەسەندكردنی پڕۆژەی چاكسازییە
__2019_02_04_h15m26s4__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، چەند پڕۆژەیاسایەكی ئامادە كردوون و دەیانەوێت دوای پێكهێنانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، ئەو پڕۆژەیاسانە پەسەند بكرێن، وەك پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، كاری لەپێشینەیان چاكسازی دەبێت.
سەرەڕای دواكەوتنی پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بەڵام فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، چالاكی و پڕۆژەكانیان بۆ ئەم خولەی پەرلەمان ئامادە كردووە، وەك لەیلا عەبدولجەبار ڕایگەیاند: "تا ئێستا دانیشتنی پەرلەمان نەكراوە، بەڵام وەك فراكسیۆن لەنێو خۆماندا لیژنەكانمان دابەش كردووە بۆ تێپەڕاندنی كارەكان و چەندین پڕۆژەمان داناوە، لەوانە جێبەجێكردنی دەستوور، بە تایبەت پڕۆژەكانی چاكسازی".
لەیلا عەبدولجەبار، پەرلەمانتاری كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەرنامەی پارتی بۆ خزمەتكرن و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانە، خەڵكی كوردستان لەو باوەڕەدان كە پارتی تاكە هێزە بۆ چارەكردنی كێشەكان، هەر بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان، ئەولەوییەتی ئێمەش خزمەتكردنی هاووڵاتیانە و كاری لەپێشینەشمان چاكسازی دەبێت".
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "رۆژانە هاووڵاتیان سەردانی فراكسیۆنی پارتی دەكەن و لەگەڵ پێكهاتنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و دانیشتنی فەرمیی پەرلەمان، زۆربەی تەوەرەكان لە پلانی ئێمەدان چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە و لە هەموو سێكتەرەكان خزمەتگوزاری جێبەجێ دەكەین، دەمانەوێ چوار ساڵی دابێ، باشترین خزمەتگوزاری دابین بكەین".
هاوكات حەسیبە گەردی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "وەك فراكسیۆنی پارتی رۆژانە بەدواداچوون بۆ پرسەكانی خەڵك دەكەین، چەند پڕۆژەیاسایەكمان ئامادە كردوون، لەم خولەی پەرلەماندا هەوڵ دەدەین پڕۆژەی چاكسازی پەسەند بكەین".
گەردی، دەشڵێ: "پەسەندكردنی پڕۆژەی چاكسازی، كاری لەپێشینەی ئێمە دەبێت، چونكە بە پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایە، بڕەپارەیەكی باش بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەی كوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی كە زۆر گرینگە لەو خولەدا دەستوورێك بۆ كوردستان دابنێین، لەگەڵ چەند پڕۆژەیاسایەكی دیكە كە لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بن".
هەڵكەوت محەممەد - ڕابین شێروانی




