شاندێکی ئیتاڵیا و دەستەی دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سووریا سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد

هەولێر -KDP.info-ئەمڕۆ شاندێکی ئیتاڵیا و دەستەی دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سووریا سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لە لایەن هێمن هەورامی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی دیکەی لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لێ کرا.
ئەمڕۆ یەكشەممە، ڕێكەوتی ٣/٢/٢٠١٩، هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆران و توركمانەكان و كریستیانەكان پێشوازییان لە شاندی دەستەی دانوستانكاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە سەرۆكایەتیی دكتۆر نەسر حەریری، سەرۆكی دەستە و شاندی یاوەریان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان وێرای سوپاس و پێزانین بۆ ئەم پێشوازییە، پوختەیەكیان لە بارودۆخی سیاسیی سووریا و دواین پێشهاتەكانی سەر گۆڕەپانی سووریا و ئەو هەوڵە نێودەوڵەتییانە بۆ چارەسەی ئاشتییانەی ناكۆكییەكانی سووریا دەدرێن، خستە ڕوو.
هەر لە دیدارەكەدا شاندی دەستەی دانوستانكاری ئۆپۆزسیۆنی سووریا جەختیان لە ڕۆڵی كاریگەری هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ دۆزینەوەی نەخشەڕێگایەك بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا و دابینكردنی داهاتوویەكی باشتر بۆ وڵاتەكە .
پاشان فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان وێرای بەخێرهاتنی شاندی میوان بۆ پەرلەمانی كوردستان دووپاتیان كردەوە كە پێویستە پێگەی كورد لە هەر چارەسەرییەك لە بەرچاو بگیرێت كە بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا دەخرێتە ڕوو و هەروەها جەختیان كردەوە كە دەبێ ڕێگەی چارەسەری دیموكراسییانە و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان بڕیار لەسەر چارەسەری قەیرانەكان و ئێستا و داهاتووی سووریا بدەن و بەشداری سەرەكی بن لە گفتوگۆكانی چارەی دیموكراسییانەی سووریا.
هەر ئەمڕۆ، یەكشەممە، ڕێكەوتی ٣/٢/٢٠١٩، هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بەشداریی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و نوێنەری توركمانەكان و كریستیانەكان پێشوازییان لە خاتوو یانا چارە ئیهم، ئەندامی پەرلەمانی ئیتالیا و سێرینا مورۆنی كونسووڵی گشتیی ئیتالیا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارەكەدا فراكسیۆنە بەشداربووەكان، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ گەل و حكوومەتی ئیتالیا دەربڕی بۆ ئەو هاوكارییانەی كە ئیتالیا پێشكەشی هەرێمی كوردستانی كردووە لە شەڕی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستانی داعش و هەروەها ئەو مەشق و ڕاهێنانەی بە هێزەكانی پیشمەرگەی كوردستانی دەكەن.
هەر لە دیدارەكەدا پوختەیەك لە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و شەڕی تیرۆر و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق گفتوگۆی لەسەر كرا.
پاشان خاتوو یانا چارە ئیهم، ئەندامی پەرلەمانی ئیتالیا، سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی دەبڕی بەم سەردانە و هیوای خواست ئەم جۆرە دیدارانە بەردەوام بن، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی سیاسیی كوردستان بن.





