٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی و كۆنسووڵی یۆنان، دواپەرەسەندنە سیاسییەكانیان تاوتوێ كرد

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- لە دیدارێكی نێوان سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و كۆنسووڵی گشتیی یۆناندا، دۆخی ناوچەكە بە گشتی و دواپەرەسەندنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 3/2/2019، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ئیفسیمیۆس كۆستۆبۆلۆس، كۆنسووڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا، كۆستۆبۆلۆس خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی وەك یەكەم كۆنسووڵی یۆنان لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و، تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و یۆنان و جەختی لەوە كردەوە كە‌ هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە‌كان، هەروەها پێكەوەژیان و كولتووری لێبوردەیی و پێشوازیكردنی لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە بەڕێزیان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، پشتیوانیی حكوومەتی هەرێم و دامودەزگاكانیشی بۆ كارەكانی دووپات كردەوە، هەروەها پوختەیەكی دەربارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و قۆناغی دوای داعش و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانبووەكان و پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكان پێشكەش كرد، جەختی لەوەش كردەوە كە بەپێی یاسا دەرفەتی باش بۆ وەبەرهێنەران لە هەرێمی كوردستان ڕەخسێنراوە‌ و وەبەرهێنەرانی یۆنانیش دەتوانن سوود لەم دەرفەتانە وەرگرن.

سەرۆكوەزیران لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی لە پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا كرد و دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان پشتیوانی لە پرۆگرامی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی عادل عەبدولمەهدی دەكات.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بە گشتی و دواپەرەسەندنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار