سلێمانی.. دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی شەقامی 100 مەتریی دەكرێت

سلێمانی-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژە بە بڕیارێكی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێ، دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی دەكرێت.
زیاد كاكە رەزا، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕی 90 ملیار دینار وەك گوژمەی یەكەم بۆ دروستكردنی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتریی شاری سلێمانی خەرج كراوە و بڕیارە لە سەرەتای مانگی 3ی ئەم ساڵ دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بكرێت، چونكە وەرزی زستان و باران و لافاو لە ئێستادا رێگا بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە نادات".
كاكە رەزا گوتیشی: "ئەم بڕیارەی سەرۆكوەزیران، جێگای دڵخۆشییە بۆ خەڵكی شاری سلێمانی، چونكە بە هۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری شارەوە، جەنجاڵییەكی زۆر لە شەقامەكان دروست بووە، بە جۆرێك هەندێك شەقام نیگەرانییەكی تەواوی لای هاووڵاتیان و فەرمانبەران دروست كردووە بە هۆی زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێلەوە، بۆیە بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، قەرەباڵغی لە شەقامەكانی سلێمانی كەم دەبێتەوە و ئەو گوشارە زۆرە لەسەر شەقامی 60 مەترییش نامێنێت".
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێ، سلێمانی چاوی لەوەیە كە زیاتر خزمەت بكرێت، بۆ كابینەی داهاتووی حكوومەتیش خەڵكی شاری سلێمانی ئومێدێكی زۆریان هەیە كە بتوانرێت خزمەتی شارەكەیان بكرێت.
كارزان سەباح هەورامی




