دیندار زێباری: پێویستە میدیاكان بە پێچەوانەی یاسا رەفتار نەكەن

هەولێر-KDP.info- رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، لەبارەی بۆردوومانكردنی خاكی كوردستان لەلایەن توركیا، خۆپێشاندانی هاووڵاتیان و رووماڵی میدیاكان ڕایگەیاند، پێویستە میدیاكان بە پێچەوانەی یاسا رەفتار نەكەن و رووماڵكردنیان بۆ گەیاندنی راستییەكان و داواكاریی رەوای هاووڵاتیان بێت.
رۆژی 24/1/2019 فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە بیانووی بوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان چەند ناوچەیەكی گەلی رەشاڤەی سنووری ناحیەی دێرەلوكیان بۆردوومان كرد و لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون و دووی دیكەش بێسەروشوێن بوون. لە كاردانەوەی ئەم رووداوەدا، هاووڵاتیانی ناوچەكە خۆپێشاندانێكیان ئەنجام دا دژی ئەم بۆردوومانە و خۆپێشاندەران هەڵیانكوتایە سەر بارەگایەكی سوپای توركیا لەو ناوچەیە و لە ئەنجامدا توندوتیژی رووی دا و زیانی گیانی و ماددییشی لێ كەوتەوە.
سەبارەت بەم رووداوانە، دكتۆر دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: تۆپبارانی سنوورەكانی كوردستان لەلایەن هێزەكانی توركیا و كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە بیانووی بوونی هێزی نەیاری ئەم دوو وڵاتە لەو ناوچانەدا هەبووە و لە ئەنجامدا خەڵكی سڤیلی ئەو ناوچانە بوونەتە قوربانی و ناچار بوون ماڵ و حاڵی و مەڕ و ماڵاتی خۆیان جێهێشتووە و ناتوانن بگەڕێنەوە، ئەمە جگە لەوەی لەو ماوەیەدا بە سەدان كەس لە گوندنشینان شەهید و بریندار بوون، بە جۆرێك لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش زۆر جار ئەم بابەتی بۆردمانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمیان ورووژاندووە.
هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم بارەوە روون و ئاشكرا بووە كە رێگا نادرێت خاكی هەرێمی كوردستان بۆ دەستدرێژی و هێرشكردنە سەر هیچ وڵاتێك و هەڕەشەكردنی بە تێكدانی ئاسایشی ئەو وڵاتانە و بە باشی دەزانێت كە ئەو وڵاتانە و لایەنە نەیارەكانی گشت كێشەكانی خۆیان بە رێگای گفتوگۆ و دیالۆگ ئەنجام بدەن و نابێ چیتر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ببنە قوربانیی ململانێی وڵاتان.
سەبارەت بە خۆپێشاندانی دانیشتووانی ناوچەكە و هەڵكوتانە سەر بارەگای هێزەكانی توركیا لەو ناوچەیە ، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە خۆپێشاندان هەیە كە بە یاسای (رێكخستنی خۆپێشاندان) ژمارە (١١)ی ساڵی(2010) ناسراوە، كە خۆپێشاندانەكان رێك دەخات و شێواز و كات و ئامانجی خۆپێشاندان بە وردی دیاری دەكات. بەپێی ئەم یاسایە خۆپێشاندان مافێكی یاسایی و دەستوورییە لەلایەن هاووڵاتیانەوە پیادە بكرێت، دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەتیش ئەركی پاراستنی خۆپێشاندانەكان ئەنجام دەدەن، تەنانەت زۆر جار مافی دامودەزگا و كارمەندانی هێزە ئەمنییەكانیش پێشێل كراوە، بۆیە هەر خۆپێشاندانێك لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، پێویستە مۆڵەت وەربگیرێت بۆ ئەنجامدانی، بەڵام ئەوەی لەو ناوچەیە روویدا پێچەوانەی یاساكە بووە، چونكە مۆڵەتی یاساییان نەبوو، سەبارەت بەم رووداوەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و دەزگا پەیوەندیدارەكانی ناوچەكەی راسپاردووە بۆ ئەوەی بە وردی لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكەن.
لەبارەی رۆڵی دەزگاكانی راگەیاندن لە رووماڵكردنی خۆپێشاندانەكان و كاردانەوەی دەزگا ئەمنییەكان بەرامبەریان، د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: هەروەك چۆن لە هەرێمی كوردستان یاسایەك هەیە بۆ (رێكخستنی خۆپێشاندان)، بە هەمان شێوە میدیاكانیش مافی رووماڵكردنی خۆپێشاندان و رێپوانی خەڵكیان هەیە، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستە دەزگا میدیاییەكانیش بە پێچەوانەی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان رەفتار نەكەن و رووماڵكردنەكەیان بۆ رووداوەكان، بۆ گەیاندنی راستییەكان بێت و داواكاریی رەوای هاووڵاتیان بێت بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نەك كاریگەریی نەرێنیی هەبێت و ببێتە هۆی نانەوەی ئاژاوە.
زێباری، سەبارەت بە قوربانیانی ئەم بۆردوومانە بەردەوامەی فڕۆكە و تۆپخانەكانی توركیا ئاماژەی دا، زیاتر لە 20 ساڵە توركیا بە بەبیانووی بوونی بارەگاكانی پەكەكە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و سنووری پارێزگای دهۆك بۆردوومان و تۆپباران دەكات و بەو هۆیەشەوە نزیكەی 360 گوندی پارێزگای دهۆك چۆڵ كراون، جگە لە زیانی ماددی، هەروەها لە سنووری ناوچەی سیدەكان بە هۆی بەردەوامیی شەڕ و پێكدادانی نێوان پەكەكە وڵاتی توركیا نەتوانراوە زیاتر لە (100) گوندی ناحیەی سیدەكان ئاوەدان بكرێنەوە لەبەر ترسی پێكدان لە نێوان ئەم دوولایەنە، بۆیە دانیشتووانی ئەم گوندانە بە ناچاری روویان كردووەتە (سەنتەری ناحیەی سیدەكان، ناحیەی رزگاری، ناحیەی كەسنەزان، قەزای سۆران) زۆر جار خەڵك ویستوویەتی بگەڕێتەوە سەر گوندەكانیان، بەڵام پەكەكە رێگری كردووە لێیان.
د. دیندار هەروەها گوتی: مایەی نیگەرانیی ئێمەیە وەك حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە دەرەنجامی ئەو بۆردوومان و تۆپبارانەدا تەنیا هاووڵاتیانی سڤیل دەبنە قوربانی، بۆ نموونە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی كۆچەری ناوچە سنوورییەكان ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ئیش و كاری خۆیان، چونكە ئەگەر رووبەڕووی تۆپبارانیش نەبنەوە، رەنگە لە ئەنجامی پێكدادانی سەربازی ببنە قوربانی، ئەمەش بارگرانییەكی زۆر لەسەر ئابووریی هەرێمی كوردستان دروست دەكات، تەنانەت دانیشتووانی ناوچەیەكی وەك شنگالیش دوودڵن لە گەڕانەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، ئەمەش بە هۆی ئەوەی كە شنگالیش رووبەڕووی ئەو بۆردوومانە بووەتەوە و لە ئێستاشدا هەڕەشەكانی سەر ئەم شارۆچكەیە ماون بە هۆی بوونی هێزەكانی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان و ئەوانەی هاوسۆزن لەگەڵیان.




