ئەڵمانیا ڕەزامەندیی نیشاندا بۆ چارەسەركردنی 500 رزگاربووی دەستی داعش

ئەڵمانیا-KDP.info- كەسایەتییەكی ئێزدی دەڵێ، حكوومەتی ئەڵمانیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر جێبەجێكردنی بەرنامەیەك بۆ چارەسەركردنی رزگاركراوانی دەستی تیرۆریستانی داعش و، مانگی داهاتووش 60 رزگاربوو لە هەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی ئەو وڵاتە دەكرێن.
حكوومەتی ئەڵمانیا لە ماوەی ڕابردوودا بڕیاری دا كە 500 كەس لە منداڵ و كچ و ژنانی ئێزدی، ئەوانەی كە لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگار كراون، لە رێگای بەرنامەیەكەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا چارەسەر بكرێن.
لەو بارەیەوە، حەسەن قەوال، كەسایەتیی ئێزدی لە وڵاتی ئەڵمانیا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "لەلایەن سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چەپی ئەڵمانیا لە پەرلەمانی هەرێمی برادنبۆرگ (ئەندریا یوهلگە) ئاگادار كراینەوە كە حكوومەتی ئەڵمانیا دوێنێ ڕەزامەندیی نیشان داوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەی كە لە ماوەی ڕابردوودا بڕیاری لەسەر دابوو بۆ چارەسەركردنی (500) منداڵ و ژن و كچی رزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش لە ئەڵمانیا."
قەوال، لەبارەی كاتەكەشەوە ڕایگەیاند: "ئەو بەرنامەیە لە مانگی ئاداردا دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە و سەرەتا (60) كەس لە رزگاربووان لە كۆنسووڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر ڤیزایان پێ دەدرێت و ڕەوانە دەكرێن بۆ ئەڵمانیا، ئینجا دواتر ئەوانەی تریش كە ژمارەیان دەگاتە (500) كەس، بە وەجبە ڕەوانەی ئەڵمانیا دەكرێن."
ئەو كەسایەتییەی ئێزدییەكان لە وڵاتی ئەڵمانیا دەشڵێت: "لە ئەڵمانیا ئەو كەسانە چارەسەری دەروونی و پزیشكی و هەر چارەسەرێكی تریان پێویست بێت بۆیان دەكرێت، بەڵام كاتی چارەسەركردنەكانیان دیاری نەكراوە كە چەند رۆژ دەمێننەوە".
نەشوان بەرزنجی




