"قوتابخانەی كۆچۆ بەڵگەیەكی باشە بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان"

شنگال-KDP.info- بڕیار بوو قوتابخانەی گوندی كۆچۆ بكرێتە مۆزەخانەیەك بۆ بەڵگەی بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی، بەڵام بە بڕیارێك حكوومەتی عێراق دەیەوێ قوتابخانەكە نۆژەن بكاتەوە، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش دەڵێن، ناكرێت ئەم قوتابخانەیە نۆژەن بكرێتەوە و پێویستە وەك خۆی بمێنێتەوە، چونكە بەڵگەیەكی باشە بۆ پرسی بەجینۆسایدناساندن.
كۆچۆ، ئەو گوندە ناسراوەی باشووری قەزای شنگالە، لە كاتی هاتنی داعش بۆ سەر شارەكە لە ٣ی ٨ی ٢٠١٤ـدا، خەڵكی لە قوتابخانەی گوندەكەدا كۆ كردەوە و بە هەموو شیوازێك توندوتیژیی دژیان ئەنجام دا، كە گەورەترین زیان بەر ئەو گوندە كەوت و ئێستاش بە بڕیارێك حكوومەتی عێراق دەیەوێ ئەم قوتابخانەیە نۆژەن بكاتەوە.
پەیوەست بەمەش، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ، سەیدۆ چەتۆ ڕایگەیاند: "ئەو بابەتە گرینگە، ئێمە پێمان وایە ناكرێت ئاسەواری داعش ئەوەی بەسەر ئێزدییانیدا هێناوە، نەمێنن، بەڵكو پێویستە ئەم بەڵگانە بۆ دنیا بمێنن بۆ ئەوەی بزانن داعش چی بەسەر ئێزدییاندا هێناوە".
ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەو كارەی كراوە، بە هەماهەنگیی ئیدارەی گوندی كۆچۆ بووە، كە ئێستا لە دەست حەشد شەعبیدایە، ئێمە لەگەڵ هەموو هەنگاوێكی نۆژەنكردنەوەین، بەڵام دەبێ نوژەنكردنەوەكە گۆڕانكاریی تێدا نەكرێت".
هەر لەوبارەیەوە، فەلاح حەسەن، ئەندامی دەستەی كۆكردنەوەی بەڵگەكان بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدیان لە پارێزگای دهۆك گوتی: "ئەو هەنگاوەی حكوومەتی عێراق هەڵەیە و دەیەوێ شتەكان تێكەڵی یەكتر بكات، چونكە قوتابخانەی كۆچۆ، یەكێكە لە بەڵگە گرینگەكانی بەجینۆسایدناساندن، پێویستە حكوومەتی عێراق هەنگاوی باشتر بهاوێژیت".
دالیا فەرهاد حاجی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ ئەوەین پڕۆژەكان ئاوەدان و نۆژەن بكرێنەوە، بۆ ئەوەی خەڵكی شارەكە بگەڕێتەوە، بەڵام ئەگەر مەبەستیان تەنیا نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەی كۆچۆ بێت، ئەوا مەرامێكی لە پشتە و هەڵوێستمان دەبێت".
ئەو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "كوردانی ئێزدی ڕووبەڕووی چەندین ناخۆشی بوونەتەوە، بە تایبەت كۆچۆ، بۆیە پێویستە هەموومان كار بۆ ئاوەدانكردنەوە و خزمەتكردنی ناوچە ئێزدینشینەكان بكەین و برینەكانیان ساڕێژ بكرێن".
كــاروان بــاعەدری




