٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی و كۆمەڵ: ئەركی هەموو لایەكە بەرانبەر وڵات بەرپرسیار بن

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- دوای سەردانەكەی شاندی پارتی بۆ لای كۆمەڵی ئیسلامی، لە پرێسكۆنفرانسێكدا هەریەكە لە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، جەختیان لە چارەكردنی گرفتەكان كردەوە و رایانگەیاند، ئەركی هەموو لایەكە بەرپرسیار بن بەرانبەر وڵات، چ لە حكوومەتدا بن یان ئۆپۆزسیۆن.

عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، لە سەرەتای كۆنفرانسەكەدا بۆ مێدیاكان رایگەیاند، سەردانەكەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لایان، سەردانێكی دۆستانە بووە بە مەبەستی تاوتوێكردنی بارودۆخی هەرێم و ناوچەكە.

 ناوبراو ئومێدیشی خواست كە بە هاوكاریی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بتوانن چارەی كێشەكان بكەن، جەختیشی لەوە كردەوە، كە هەمووان لە بەرانبەر ئەم وڵاتەدا بەرپرسیارن و بە هەمووانیش چاك دەكرێت.

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، سەردانەكەی شاندی پارتیشی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان دەزانن پارتی مێژوویەكی درێژی لە خەباتدا هەیە و پێویستە ئەوانیش زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن، سەردانەكەی ئەمڕۆی شاندی باڵای پارتیشی بە بەڵگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی زیاتری پارتی ناو برد، ئومێدیشی خواست ئەو گرفتانەی كە پەیوەندییان بە كۆی ئەزموونی سیاسییەوە هەیە، هەوڵی چارەكردنیان بدرێت.

جەختیشی لەوە كردەوە، ئەوان وەك كۆمەڵی ئیسلامی هەوڵ دەدەن بەشێك بن لە چارەكردنی گرفتەكان.

دواتر فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا، بۆ مێدیاكان تیشكی خستە سەر سیاسەتی پارتی و رێنماییەكانی سەرۆك بارزانی، كە هەمووان بیر لەوە بكەنەوە ئەوەی دوێنێ بۆ میللەت و وڵاتیان نەكردووە، ئەمڕۆ بیكەن.

باسی لەوەش كرد، ئەوەی كە دوێنێ نەكراوە، هەوڵ بدەن بۆ داهاتوو ئەنجامی بدەن، لە پێناو گەل و وڵات، ئاماژەی بەوەش كرد، ئەوەی دوێنێ لەسەر شانی نێچیرڤان بارزانی و هاوەڵەكانی بووە لە حكوومەتی هەرێمدا، لە داهاتووشدا ئەو بەرپرسیارێتییە دەكەوێتە ئەستۆی مەسروور بارزانی و تیمەكەی.

میرانی جەختی لەوەش كردەوە، كە هەمووان قەرزاری میللەتن و بۆیە دەبێت پێكەوە بتوانین قەرزی میللەت بدەینەوە، بەو پێیەی میللەت ماڵ و خوێنی داوە، گوتیشی: "هەر لایەنێك لە حكوومەت بێ، یا ئۆپۆزسیۆن دەتوانن بە شێوەیەكی تەندروست رۆڵی خۆیان بۆ ئەو مەبەستە بگێڕن، راگەیاندنیش دەتوانێت رۆڵی باش لە هەردوولادا بگێڕێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە، كە شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیارە سەردانی هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی و حزبی شیوعی كوردستانیش بكەن.

 

خێڵان بەختیار

هەواڵی پەیوەندیدار