خانەقین.. تەقە لە پێشمەرگە كراوە و بریندار هەیە

خانەقین –KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین گوتی، شەوی ڕابردوو تەقە لە پێشمەرگە كراوە و بریندار هەیە، ناوشار و دەرەوەی شاریش پڕ بووە لە ھێز و داعشیش بە ئارەزووی خۆی خەڵك دەڕفێنێت، بۆیە مەترسییەكی زۆر گەورە لەسەر خانەقین ھەیە و خەڵكی ناوچەكە لە ترس و دڵەڕاوكێدان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كاتی خۆی بارەگای لیوای سێی پێشمەرگە لە باوەمەحموود بوو، ئێستا فەوجی یەكی ھەمان لیوای لێیە و شەوی ڕابردوویش تەقە لەو فەوجە كراوە و پێشمەرگەیەك بریندار بووە و بارەگای لیواكەش لە ساڵح ئاغایە و لە نێوان بارەگای لیوا و بارەگای فەوجەكە چەند بۆمبێكیان دانابوون، بەڵام زوو ئاگادار بوون و بۆمبەكان پووچەڵ كرانەوە".
شێخ مستەفا گوتیشی: "تا ئێستا كەس نازانێت كێ ئەو كارە دەكات، سوپایە یاخود حەشدە یانیش داعشە، چونكە ھەر ئەمڕۆ سوپای عێراق ھێزێكی زۆری بردووە بۆ گوندی شێرك كە زۆرینەی دانیشتووانی كوردن و دوو رەبایەیان لەناو گوند لێداوە و چەكیشیان داوە بە عەرەبی گوندەكە، بۆیە خەڵكی گوندە كە تووشی ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر بوونە، چونكە ناكرێت سوپا بەو شێوەیە بچێتە ناو گوند و چەك و تەقەمەنی بداتە عەرەبەكان، بۆیە بڕیاریان داوە گوندەكە چۆڵ بكەن".
دەشڵێ: "ئێستا ھێزێكی دیكەی گەورە بەرێوەیە بۆ ناو خانەقین كە بڕیارە بێنە ناو بارەگای لقی ئێمە و حەشد لەوێ بكشێنەوە و داوایش لەئیدارە كراوە نابێت ھێز بێتە ناو شار، بەڵام قایمقام باسی لەوە كردووە كە من دەستەڵاتم نییە رێگری بكەم".
بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی، هەروەها ئاماژەشی دا، ناو خانەقین و دەوروبەری شار پڕ دەكرێت لە حەشد و سوپای عێراق بە بیانووی بوونی داعش لە ناوچەكەدا، بۆیە لە ھەموو لایەكەوە مەترسی ڕووی لە خانەقین كردووە و خەڵكیش تووشی ترسێكی گەورە بوونە، چونكە مەترسییەكە زۆر گەورە بووە.
بە گوتەی ئەو، دیاردەی رفاندنی خەڵك زیادی كردووە و تیرۆریستانی داعشیش ئێستا فێر بوون باغەكانی كورد دەكڕن و لەوێ كاری سیخوڕی بۆ خۆیان ئەنجام دەدەن، بۆ ئەوەی بگەنە ناو شار و ئێستا منداڵیش دەڕفێنن، بۆیە مەترسییەكە زۆر زیادی كردووە و پێویستە رێگری لێ بكرێت.
بڵند ئیبراھیم




