دیندار دۆسكی: سەردانی پارتی بۆ لای لایەنەكان، گرینگیی زۆری ھەیە و ئەرێنییە

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەداری كورد د. دیندار دۆسكی دەڵێ، سەردانی شاندی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەكانی ھەرێم، ھەنگاوێكی ئەرێنییە و گرینگیشە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و وەرگرتنی رای ھەموو لایەنەكان سەبارەت بە پێكھێنانی حكوومەتی نوێ.
د. دیندار دۆسكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بوونی پەیوەندیی باش لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا، ئارامیی سیاسی لە ھەرێم دروست دەكات و زۆریش گرینگە ئەو جۆرە سەردانانە بكرێن و ئەگەر بەشداریی حكوومەتیش نەكەن پەیوەندییەكانیان ئاسایی بن، چونكە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر دۆخی سیاسیی ھەرێمی كوردستان، بۆیە ئەو سەردانەی پارتی بۆ لای لایەنەكان، گرینگیی زۆری ھەیە و ئەرێنییە.
دۆسكی گوتیشی، بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، گرینگە پارتی و یەكێتی بگەنە رێككەوتن، بەڵام ئەو سەردانانەی پارتی وەكو راوێژە بە لایەنەكان، كە خۆی براوەی یەكەمی ھەڵبژاردنە، بۆیە پارتی بڕیاری داوە ئەوانەی بەشداری دەكەن و بەشدارییش ناكەن، سەردانیان دەكات بۆ ئەوەی بزانن چ پێشنیازێكیان بۆ بەرنامەی حكوومەت ھەیە و رای ئەوان چییە.
ئەو سیاسەتمەدارە دەشڵێ، جگە لە یەكێتی و پارتی و گۆڕان، كە رای خۆیان لەبارەی حكوومەتەوە ڕاگەیاندووە، ئەوانەی دیكە رای خۆیان دیاری نەكردووە، بۆیە گرینگە رای ھەموو لایەنەكان بزانرێت كە بەشداری لە حكوومەتدا دەكەن یان نا.
بڵند ئیبراھیم




