رێكخراوێك بۆ خزمەتكردنی كەسوكاری شەھیدان دامەزرا

ھەولێر-KDP.info- رێكخراوی نەمران بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، تایبەت بۆ خزمەتكردنی كچ و كوڕی سەربەرزی شەھیدان دامەزراوە، سەرۆكی رێكخراوەكەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئامانج لەم رێكخراوە، دۆزینەوەی توانا خودییەكانی كچ و كوڕی شەھیدانە.
رێكخراوی نەمران بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، بۆ خزمەتكردنی كەسوكاری سەربەرزی شەھیدانە، كە لە ژێر دروشمی بەرەو كوردستانێكی بەھێز، ھەڵدەستن بە كردنەوەی خولی گۆڕانكاریی خودیی بێسنوور، پڕۆژەكە لە قۆناغی یەكەمدا شەش مانگ دەخایەنێت و تێیدا ١٠٠ كچ و كوڕی شەھید راھێنانیان پێ دەكرێت، پاش كۆتاییھاتنی خول، بە شێوازی گرووپ ھەڵدەستن بە ئەنجامدانی چەندین چالاكی و پڕۆژە، و ھەوڵی دۆزینەوەی كاری گونجاویان بۆ دەدرێت.
ساڵح ئەحمەد، سەرۆكی رێكخراوی نەمران بۆ گەشەپێدانی مرۆیی ڕایگەیاند، مەبەست لە دامەزراندنی ئەم رێكخراوە، خزمەتكردنی كچ و كوری شەھیدانە، كە ئامانجمان، "دۆزینەوەی توانا خودییەكانی كچ و كوڕی شەھیدانە، ھەروەھا ئاشناكردنیانە بە زانستی گەشەپێدانی مرۆیی و بەھێزكردنی ھەستی نەتەوایەتی لە رێگای ئەنجامدانی سیمینار و زانیاری دەربارەی مێژووی كورد و دیاریكردنی جۆری زیرەكییانە، كە لە كۆتاییدا كەسوكاری شەھیدەكان پڕۆژەكانیان پێشكەش دەكەن و بەمەش توانا خودییەكانیان بۆ خزمەتكردنی كوردستان دەردەخەن".
ئەحمەد دەڵێ، دیاریكردنی كەسوكاری شەھیدەكانیش، گشتییە و ھەموو كچ و كوڕی شەھیدان دەگرێتەوە، بە تایبەت كەسوكاری شەھیدانی شەڕی داعش بەشدارن، كە ئەوان خزمەتێكی زۆری گەل و نیشتیمانیان كردووە.
سەرۆكی رێكخراوی نەمران ئاماژە بەوەش دەكات: "ئەم رێكخراوە، رێكخراوێكی ناحكوومیی قازانجنەویستە و سەرجەم خولەكانی بێبەرامبەرە، دەشڵێ: "لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان چالاكییەكانمان ئەنجام دەدەین".
ھەڵكەوت محەممەد




