٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخ مەحموود حەفیدزادە: ئاییندەیەكی گەش ‌بۆ كوردستان دەبینم.. حكوومەتێكی بەهێزمان پێویسته

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- شێخ مەحموود حەفیدزادە دەڵێ،‌ ئەو حزبانەی بەشداریی كابینەی نوێ دەكەن، پێویستە پابەندی كارنامەی حكوومەت بن،‌ حیزبەكان پەلە لە پێكهێنانی حكوومەت بكەن كە بەرهەمی ڕەنجی گەلەكەمانە، وڵاتانی جیهانیش بە بایەخەوە دەڕواننە پێگەی بەهێزی كوردستان، بۆیە چاویان لە كوردستانێكی بەهێزە.

سەبارەت بە دۆخی ئێستای كوردستان، شێخ مەحموود حەفیدزادە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا و ئاماژەی بە وەرچەرخانێكی نوێی هەرێمی كوردستان كرد، كە لە ئێستادا‌ دەرفەتێكی لەبار هاتووەتە پێشەوە و دەبێت حكوومەتی هەرێم بە‌ گرینگی‌ و هەستیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بكات، ئەویش لە پێناو شكاندنەوەی دۆخەكە بۆ ‌بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان.

جووڵەی دیپلۆماسیی وڵاتان بە ڕووی كوردستان و هاتنی وەزیرانی وڵاتان بۆ هەرێم، بە چوونی ناوبراو ئاماژەیەكی گرینگە بۆ پێگەی بە‌هێزی حكوومەت و گەلی كوردستان، چونكە لەسەر ئاستی فەرمیی سیاسەتی وڵاتان و هاوكێشەی سیاسیی ناوچەكەدا، تایبەتمەندیی خۆی هەیە.

مەحموود حەفیدزادە جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە تەواوی ئەو ئابڵووقانەی لە پاش ڕیفراندۆم خرانە سەر هەرێمی كوردستان، بەرەو كۆتایی دەڕۆن، نموونەش بەوە دێنێتەوە، كە وڵاتان بە ‌بایەخەوە دەڕواننە پێگەی كوردستان و ناوەندە نێودەوڵەتییەكانیش هەڵوێست‌ و سیاسەتەكانیان بۆ پشتگیریكردنی‌ كوردستانێكی بەهێزە، ئەوەش لای ناوبراو زۆر گرینگە و‌ خۆشحاڵیشە كە ئاییندەیەكی گەش ‌بۆ گەلی كورد دەبینێت.

بەشداریی حزبەكان لە كابینەی نوێ و پابەندبوونیان بە كارنامەوە

چەند گەڕێكە گفتوگۆی حزبەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم بەردەوامە، بە تایبەت لە نێوان هەر سێ لایەنی براوەی وەك پارتی و یەكێتی و گۆڕان، حەفیدزادە داوا دەكات هەرچی زووترە حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان پێك بهێندرێت، كە هیوا و هەڵبژێردراوی گەلن.

نەوەكەی شێخ مەحموودی حەفید، جەخت لە پابەندبوونی ئەو حزبانە دەكاتەوە، كە لە پێكهێنانی كابینەی حكوومەتدا بەشدار دەبن‌، نموونەش بەوە دەهێنێتەوە، كە لە تەواوی دنیادا هیچ شتێك‌ لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوودا نییە، كاتێ ئەو حزبانەی بەشداری لە حكوومەتدا دەكەن پابەندی كارنامەی حكومەت نەبن، بۆیە دەبێت ئەو حزبانەی بەشداریی حكوومەت دەكەن، پشتیوانی لە حكوومەتەكەیش بكەن، لە پێناو دووبارەنەبوونەوەی ئەزموونی ڕابردوو.

ئەو بەداخیشە كە‌، "تا ئێستا حكوومەتێكی بەهێزی دامەزراوەییمان نەبووە‌، بەو پێیەی ‌نەتواندراوە هەڵسوكەوت لەسەر بنەمای رێژەی كورسیی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت بكرێت"، هۆكاری ئەوەیش بۆ دۆخی ئێستای هەرێم دەگێڕێتەوە و هیواخوازیشە لە داهاتوودا حكوومەتێكی بەهێزی یەكگرتوو پێك بهێندرێت، تاوەكو لە ئاییندەدا بتواندرێت لە هەڵبژاردنەكاندا بە سەنگی دەنگی گەل و كورسیی پەرلەمانی، كابینە پێك بهێندرێت و پۆستە وەزارییەكان دابەش بكرێن.

پێگەی سەرۆك بارزانی

سەرۆك بارزانی لە سەردانێكیدا بۆ ئوردن، كە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شای ئەو وڵاتە بوو، ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 27ـی 1ـی 2019 شاعەبدوڵڵای پادشای ئوردن لە كۆشكی حوسەینییەی عەممانی پایتەختی وڵاتەكە، پێشوازی لە سەرۆك مەسعوود بارزانی و شاندی یاوەری كرد، لە میانەی گفتوگۆكانیشیاندا جەخت لە پتەوپتركردنی پەیوەندییە لە مێژینەكانی ئەو وڵاتە و هەرێمی كوردستان كرایەوە، بۆیەشە بە بڕوای حەفیدزادە، هاتنی شاندنی وڵاتانی دنیا بۆ هەرێم و سەردانیكردنیان بۆ لای سەرۆك بارزانی لە لایەك، لە لایەكی دیكەیشەوە بانگهێشتكردنیشی لە ‌لایەن وڵاتانەوە، نیشانەی بەهێزیی‌ پێگەی سەرۆك با‌رزانییە، كە چەندە گرینگ و بەهێز و كاریگەرە لە ناوچەكەدا بە گشتی و عێراق و هەرێم بە تایبەتی.

 كاندیدانی پارتی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت، ئومێدبەخشن

كاندیدكردنی هەر یەك لە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانی بۆ سەرۆكی حكوومەت، لە دیدی حەفیدزادەوە، وێڕای قورسیی ئەركەكانیان، دەشخوازێت لە ئاست هیوا و داخوازییەكانی جەماوەری گەلی كوردستاندا بن، چونكە وەك خۆی ئاماژەی پێ دا،‌ بە ‌ئومێدێكی زۆرەوە دەڕواننە قۆناغی نوێی حكومڕانیی هەرێمی كوردستان.

ناوبراو داواكارە لە سەرجەم پارتە سیاسییەكانی كوردستان، كە یەكگرتوو بن و بەرژەوەندییە باڵاكان ڕەچاو بكەن، چونكە گەلی كوردستان ماندوو و نیگەرانە و‌ پێویستە بە ‌یەكڕیزی و هاوهەڵوێستی و یەكگوتاری، دەستپێكی قۆناغێكی نوێ لە ‌حكومڕانیی پێگەیشتوو و دوور لە دەستتێوەردانی حزبی پێك بهێندرێت، هاوكات بەسیستمكردن و دامەزراوەییكردنی جومگەكانی دەسەڵات و سەروەریی یاسا، وەستاندنی هەر شێواز و ئامڕازێكی گەندەڵی و بنەبڕكردنی بە ‌یەكجاری، گەرەنتیی سەركەوتنمان دەبێت.

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

پێداچوونەوە: خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار