٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتیی پەرلەمانتاران: گفتوگۆ چارەسەرە و ھیچ رێگەی دیكە بۆ پێكھێنانی حكوومەت نییە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان گوتی، پێشنیازی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سێقۆڵی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە، زۆر گرینگە  و دەبێتە ھەنگاوێك بۆ خێراتركردنی ئەو پڕۆسەیە، چونكە ھەموو لایەنەكان بە ڕوونی باسی داواكارییەكانی خۆیان دەكەن بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێن.

نیعمەت عەبدوڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھەر كێشەیەك ھەبێت لە رێگەی گفتوگۆ و دانیشتن چارەسەر دەكرێت و ھیچ رێگەی دیكە نییە، بۆیە چەند دانیشتن و گفتوگۆی زیاتر بكرێت، زووتر دەگەنە رێككەوتن، لەبەر ئەوە پێشنیازی كۆبوونەوەی سێقۆڵی گرینگە و دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەنگاوەكانی پێكھێنانی حكوومەت خێراتر بكرێن".

عەبدوڵڵا گوتیشی: "بارودۆخی ئێستای عێراق و ھەرێم و ناوچەكە، پێویستی بەوە ھەیە پەلە بكرێت لە پێكھێنانی حكوومەتی نوێ و ھەمووانیش یەكھەڵوێست بین، چونكە جگە لەوە، كورد ھیچ كات ناتوانێ بگاتە ھیچ ئامانجێكی خۆی".

دەشڵێ، ئەگەر كۆبوونەوەی سێقۆڵی بكرێت، ھەر یەكەیان بە ئاشكرا باسی داواكاریی خۆی بكات و ھەر لەوێش دەتواندرێت بگەنە رێككەوتنێك، كە خزمەتی ھەموو خەڵكی كوردستان بكات، بۆیە گرینگە ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار