٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراكسیۆنى پارتى له‌ به‌غدا راگه‌یه‌ندراوێكى له‌ باره‌ى بۆردومانى ناوچه‌ سنوورییه‌كان بڵاوكرده‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info
 
به‌غدا-KDP.info- فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، كه‌ سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق خوێندییه‌وه‌، رایگه‌یاند، په‌كه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆى وێرانبوونى سه‌دان گوندى ناوچه‌ سنوورییه‌كان و پێویسته‌ خاكى هه‌رێمى كوردستان به‌جێبهێڵێت.
 
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "چه‌ند ساڵى رابردوو، كێشه‌ى زۆر له‌ ئه‌نجامى تۆپبارانى سوپاى توركیا له‌سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان په‌یدا بوون".
 
هه‌روه‌ها هاتووه‌: "هه‌ر له‌ ده‌ستپێكى ئه‌و رووداوانه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتار له‌ جێى رووداوه‌كان ئاماده‌ بووین بۆ هێوركردن و پاراستنى گیانى هاووڵاتیانى ده‌ڤه‌ره‌كه‌".
 
له‌ به‌شێكى دیكه‌ى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "ئاشكرایه‌، ئه‌و تۆپبارانكردنه‌ به‌ پاساوى بوونى په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، ئێمه‌ داوا له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ین، خۆیان له‌ سنوورى هه‌رێمى كوردستان دوور بخه‌ن و خه‌ڵكى ئێمه‌ له‌و نه‌هامه‌تى و قوربانیانه‌ رزگار بكه‌ن".
 
سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌رى مانه‌وه‌ى په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "بوونى ئه‌وان له‌ هه‌رێمى كوردستان كاریگه‌رى نه‌رێنى سیاسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى له‌سه‌ر خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ و سه‌دان گوند به‌ هۆى بوونى ئه‌وانه‌وه‌ به‌ وێرانى و كاولى ماونه‌ته‌وه‌".
 
فراكسیۆنى پارتى له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق راشیگه‌یاند، "ئێمه‌ ناخوازین خاكى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ببێته‌ مه‌ترسى تێكدانى ئارامى وڵاتانى هاوسۆزى ئێمه‌".
 
فراكسیۆنه‌كه‌ له‌ په‌یامیدا بۆ بنه‌ماڵه‌ى شه‌هید و برینداره‌كان رایگه‌یاند، "ئێمه‌ سه‌ره‌خۆشى له‌ ته‌واوى خێزانى ئه‌و شه‌هیدانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ بوونه‌ قوربانى ئه‌و رووداوانه‌ و هیواى سه‌لامه‌تى و چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین".
 
له‌ كۆتایى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، فراكسیۆنى پارتى له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق داواكارییه‌كى خستووه‌ته‌ڕوو و تێیدا هاتووه‌: "داوا ده‌كه‌ین: هه‌ردوو حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و سوپاسى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌كه‌ین، كه‌ هه‌ر زوو دواى رووداوه‌كان ره‌وشى ئارامى و هێزه‌كانى ئه‌منى بۆ پاراستنى هاووڵاتیان له‌و ده‌ڤه‌ره‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌".

هەواڵی پەیوەندیدار