٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەخمووری: مەلیك عەبدوڵڵا باش لەوە گەیشتووە كە بڕیاری گەلی كوردستان لای سەرۆك بارزانییە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ئوردن و پێشوازیلێكردنەكەی، رەنگدانەوەیەكی زۆری لە ناوچەكەدا ھەبوو، سكرتێری یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانیش باوەڕی وایە، وەك سەرۆكی وڵاتان پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرا.

لەسەر بانگھێشتی فەرمیی شای ئوردن، ٢٧ی ئەم مانگە لەلایەن شاعەبدوڵڵای پادشای ئوردن لە كۆشكی حوسەینییە لە عەممانی پایتەختی ئوردن پێشوازی لە سەرۆك مەسعوود بارزانی و شاندی یاوەری كرا و، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و دواگۆڕانكارییەكانی ناوچەكە تاوتوو كران.

سەبارەت بە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ئوردن، غەفوور مەخمووری، سكرتێری یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "داوەتكردنی سەرۆك بارزانی و ئه‌و پێشوازیلێكردنەی لە عەممان، رۆڵ و قورسایی سەرۆك بارزانی لە ناو ھاوكێشە سیاسییەكان دەردەخات، جەنابی مەلیك عەبدوڵڵاش باش لەوە گەیشتووە كە بڕیاری گەلی كوردستان لای سەرۆك بارزانییە. ھەروەك پێشی وایە، "وەك ھەر سەرۆكی وڵاتان پێشوازی لە سەرۆك بارزانی كرا"، سڵاوی سەربازیی لێ كرا، فەرشی سووری بۆ راخرا، ئێوارەخوانێكی بۆ ئامادە كرا، كە ئەو ئێوارەخوانە گوزارشت لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان ھەردوولا دەكات.

غەفوور مەخمووری، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، رۆڵی سەرۆك بارزانی نەك تەنیا لەسەر ئاستی عێراق، بەڵكوو لەسەر ئاستی ناوچەكەدا زۆر گرینگە، ئەم سەردانەیش رەنگدانەوەیەكی زۆر باشی ھەبوو، ئاژانسی ھەواڵی عەممان كە ئاژانسێكی فەرمیی ئەو وڵاتەیە، راپۆرتێكی تێروتەسەلی لەسەر سەردانی سەرۆك بارزانی نووسیبوو، "ھەروەك لە ناوھێنانیدا بە رەئیس بارزانی ناویان دەھێنا" .

سەبارەت بەو كۆڕەی كە لە عەممانی پایتەختی ئوردن سازی كرد، سكرتێری یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لەسەر داوەتی ڕۆژنامەی دەستووری موئتەدای رۆشنبیری بوو كۆڕێك رێك بخەین، كە یەكێكە لە ڕۆژنامە ھەرە بەناوبانگەكان لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیدا، بابەتێكیشمان پێشكەش كرد سەبارەت بە ڕەوشی سیاسیی كوردستان و رۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی وەك رابەری گەلی كوردستان، هەروەها رۆڵی  جەنابیان لە رابردوو و ئێستادا چۆن بووە، لە داھاتووشدا زیاتر دەبێت، ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی و رۆژنامەنووس، دەزگاكانی راگەیاندن، دیپلۆماتكاران ئامادە بوون، دەتوانم بڵێم دیدارێك بوو تارادەیەكی باش رەنگدانەوەی ھەبوو".

"رۆڵی سەرۆك بارزانیمان لە كتێبێك بە ناوی "مسعود البارزانی رمز الپێشمەرگە والمقاومە القومیە" بە دیاری پێشكەشی ئامادەبووان كرد و رەوشی كوردستان و رۆڵی جەنابیانمان بۆ شی كردنەوە". غەفوور مەخمووری وای گوت.

ئەوەی مایەی خۆشحاڵیی مەخموورییە، ئەوەیە كە دوای رۆژێك لە كۆڕەكە، جەنابی سەرۆك گەیشتە عەممان و ھەواڵی گەیشتنیان و كۆڕەكەیان لە لاپەڕەی یەكەمی ڕۆژنامەكانی ئەو وڵاتە بڵاو كردبووەوە.

 

ھەڵكەوت محەممەد

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار