٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندێكی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بڕیارە بۆ یەكلاكردنەوەی چەند پرسێكی پەیوەست بە كەرتی پیشەسازی و بازرگانی، شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بەرپرسێكی حكوومەتی ھەرێمیش دەڵێ، دەیانەوێ ھەندێك پرس لەگەڵ بەغدادا یەكلا بكەنەوە.

دكتۆر عەبدولڕەزاق ناوەندی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ڕایگەیاند: "بڕیارە شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بە وەكالەت، سەردانی بەغدا بكات، بەڵام كاتی سەردانەكە دیار نییە كەی دەكرێت، ھەر كاتێكیش رێوشوێنی سەردانەكە كۆتایی ھات، شاندەكە ئامادەیە سەردانەكە ئەنجام بدات، ئەوەش دوای رێككەوتنی ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بەغدا دێت لەسەر كۆمەڵێك پرسی پەیوەست بە بابەتی بازرگانی و پیشەسازی".

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "چەند پرسێك بە ھەڵوسراوی ماونەتەوە كە دەمانەوێ لەگەڵ بەغدا یەكلایان بكەینەوە، لەوانە بابەتی مۆڵەتی ھاوردە و ھەناردەكردن، ھەروەھا كردنەوەی چەند فەرمانگەیەك لە پارێزگای ھەڵەبجە، ئەمەش دوای ئەوەی بڕیاری بەپارێزگابوونی كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە".

پێشتر ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا لەبارەی چەند پرسێكی بازرگانی گەیشتوون بە رێككەوتن و بڕیارە بە پێی ئەو رێككەوتنە كار بكرێت، دكتۆر عەبدولڕەزاق روونی كردەوە: "ھەر لەو سەردانەی شاندی ھەرێمی كوردستاندا، پرسی یەكخستنی پێناسی گومركی و چەند پرسێكی دیكەی وەك تۆماركردنی كۆمپانیاكان و باج و رسوومات بە گشتی، یەكلا دەكرێنەوە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار