دیندار زێباری: هەولێر و بەغدا لە گفتوگۆدان بۆ ئاسایی كردنهوهی دۆخی نەینەوا

هەولێر-KDP.info- پاش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، رەوشی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا وەك خۆیان ماونەتەوە، بەو پێیەش كە ژمارەیەكی زۆر لە كەمایەتییە ئایینییەكان لەم ناوچانەدا دەژین، حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی سەبارەت بە ئەنجامێكی هاوبەش لە گفتوگۆدان.
دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، سەبارەت بە دۆخی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا رایگەیاند: "بەپێی ئەو پەیوەندیانەی هەمانە لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و تۆڕی زانیاری لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان، كە بە فەرمانی ژمارە (30) رۆژی 4ی نیسانی 2016 بۆ دۆزینەوەی راستییەكان سەبارەت بە ناوچە رزگاركراوەكان بە تایبەت دەشتی نەینەوا پێك هێنراوە، بۆمان دەركەوتووە كە نزیكەی ٨٥%ی خەڵكی ناوچەكە دوای كۆنتڕۆڵكردنی شارەكەیان ئامادە نین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چونكە پێیان وایە بەهۆی ئەو موزایەدە سیاسییەی لەسەر شارەكەیان دەكرێت، ژیانیان پارێزراو نابێت. ئەوان ترسیان لە ژیانی خۆیان، نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەكان، نەبوونی هەلی كار و رەوشی ئەمنیی ناوچەكەیان هەیە".
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم گوتیشی: "ژمارەیەكی زۆر لە هێزی ئەمنی لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا بوونیان هەیە، كە ژمارەیەك لەم هێزە ئەمنییانە فەرمی نین و ئەندامانی ئەم هێزانە لە خەڵكی ناوچەكە نین. بۆ ئەوەی كێشەی ئەمنیی ئەم ناوچانە چارەسەر ببێت، دەبێت رەوشی ئەمنیی ناوچەكە بدرێتە دەست كۆمەڵە هێزێكی ئەمنیی فەرمی، لە ناویاندا پۆلیسی ئیتیحادی، پێشمەرگە و جەیشی عێراقی بۆ ئەوەی رۆڵێكی جیددی ببینن لە دووبارە بنیاتنانەوەی رەوشی ئەمنیی ناوچەكانیان. دەبێت خەڵكی ناوچەكەش بەشدار بن لە ناو هێزە ئەمنییەكان بۆ پاراستنی دۆخی ئەمنی ناوچەكانیان، هەروەها پێویستە سنوورەكانی ئەم ناوچانە بدرێتەوە دەست پاسەوانانی سنوور بۆ ئەوەی سنوورەكان بە شێوەیەكی نایاسایی و بۆ بازرگانی نا شەرعی بەكار نەهێندرێن و گومرگ لە خەڵك وەرنەگیردرێت".
لە درێژەی قسەكانیدا، د. دیندار زێباری رایگەیاند: "بوونی زیاتر لە یەك ناوەندی بڕیاردەر لەناو ئیدارەی شارەكاندا كە هەندێك لە بڕیاردەرەكانیش فەرمی نین، كێشەیەكی زۆری بۆ خەڵكی ناوچەكە دروست كردووە. لە زۆر ناوچەش دەست بەسەر زەوی و زاری ئێزدییەكان و كریستیانەكاندا گیراوە و هەوڵ دراوە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە. لە هەندێك شوێنی ئەم ناوچەیە بۆ نموونە تلكێف، پارچەزەوی بەسەر خەڵكانی دیكەدا دابەش دەكرێت، بۆ ئەوەی دیمۆگرافیای ناوچەكە بگۆڕن".
دیندار زێباری ئاماژەیشی دا: "كێشەی هەرە گەورە لە هەندێك لەو ناوچانەی دەشتی نەینەوا، بۆ نموونە تلكیف و حەمدانییە، لە رووی ئەمنییەوە ئەوەیە كە ناوچەكە كراوە بە شارێكی عەسكەری و مەحكەمەی ئیرهابی و گرتووخانەی ئیرهابییەكانی تێدایە. گرووپە چەكدارەكان لەم ناوچانە بوونیان هەیە و ئەمەش وای كردووە خەڵكەكە ترسیان هەبێت لە گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لەلایەكی دیكەشەوە نەبوونی هەلی كار، خزمەتگوزاریی پێویست لە شار و شارۆچكەكاندا، بوونی ساتری سەربازی لە زۆربەی ناوچەكان كێشەی گەڕانەوەی دروست كردووە و خەڵكیش بەردەوام مەترسی لە رووبەرووبوونەوە هەیە".
سەبارەت بە كرانەوەی رێگاكانی نێوان نەینەوا، دهۆك، هەولێر و كەركووك، زێباری رایگەیاند: "پێویستە رێگاكان لەرێگەی تەنسیقی هاوبەش لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی بكرێتەوە هەروەها لایەنە یاساییەكان (دادگاكان) بە بێلایەن و بەبێ ئەوەی لە ژێر كاریگەریی هیچ لایەنێكی سیاسی بێت، دووبارە بنیات بنرێنەوە. نابێت بە هیچ شێوەیەك رێگا بە دەستوەردانی دەرەكی بدرێت".
لە كۆتایی قسەكانیدا، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم گوتی: "دەبێ هەوڵ بدرێت دۆخی ئابووریی ئەم ناوچانە چاك بكرێتەوە، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی ژیانیان بۆ دابین بكرێت و هەلی كاریان بۆ بڕەخسێندرێت بۆ ئەوەی خەڵكەكە بتوانن بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەروەها پێویستە هەوڵە هەواڵگرییەكان، لێكۆڵینەوەی ئەمنی لەو خانەوادانەی گومانی ئەوەیان لێ دەكرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، پەرەی پێ بدرێت و هانی خەڵكی بدرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانی خۆیان".




