چاودێران: وڵاتان وەكو مەرجەعی كوردستان لە سەرۆك بارزانی دەڕوانن

هەولێر-KDP.info- سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ئوردن، دەنگدانەوەی لێ كەوتەوە و چاودێرانیش دەڵێن، سەرۆك بارزانی كاریگەریی لەسەر ھەموو ئەو وڵاتانە ھەیە كە رۆڵیان لە عێراقدا هەیە. باوەڕیشیان وایە، وڵاتان وەك ڕابەر و مەرجەع دەڕواننە سەرۆك بارزانی و دەشزانن بە بێ سەرۆك ناوچەكە سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت.
دوێنێ یەكشەممە، سەرۆك بارزانی بە سەردانێك گەیشتە وڵاتی ئوردن و لەلایەن شاعەبدوڵڵای پادشای ئوردنەوە پێشوازی لێ كرا، سانع شەریف شێروانی، مامۆستای زانكۆ و شارەزای یاسای نێودەوڵەتی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "سەرۆك بارزانی لە ئێستا و داھاتووشدا كاریگەریی لەسەر ئەو وڵاتەنەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە كە رۆڵیان لە عێراقدا ھەیە، یەكێك لەوانە وڵاتی ئوردنە، كە پەیوەندییەكی مێژوویی لەگەڵ میللەتی كورد و سەرۆك بارزانی ھەیە، ئەوەش وای كردووە ئوردن بەردەوام پشتگیریی ھەرێمی كوردستان و مافە رەواكانی بكات".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: "سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ ئوردن، كاریگەریی لەسەر رەوشی ھەرێمی كوردستان دەبێت، لە ڕووی دیپلۆماسییشەوە پێشكەوتنێكی دیكەی ھەرێمی كوردستانە لە ناوچەكەدا، كە ئەو ھەموو وڵاتە بە فەرمی پێشوازی لە سەرۆك بارزانی دەكەن و خۆیشیان سەردانی ھەرێم دەكەن، بە تایبەتی دوای تێپەڕاندنی قۆناغێكی سەخت".
سەرۆك بارزانی، بەر لەوەی پۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان وەربگرێت و دوای ئەو ئەو پۆستەیش، وەكوو مەرجەعی گەلی كورد ناسراوە و وەك شێروانی گوتی، ھەرچەندە لە ئێستادا ھیچ پێگە و پۆستێكی فەرمیی نییە، بەڵام وڵاتان وەك مەرجەعی كوردان لە سەرۆك بارزانی دەڕوانن. روونیشی كردەوە: "لەبەر ئەوەی بارزانی رۆڵ و كاریگەریی بەسەر رەوشی عێراق و ناوچەكەوە ھەیە، وڵاتانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئەگەر مامەڵە لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا نەكرێت، ناوچەكه سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ و ئۆقرەیی بۆ عێراق ناگەڕێتەوە، ھەر ئەوەش وای كردووە وەك سەرۆكی وڵاتێكیش زیاتر لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پێشوازی لە سەرۆك بارزانی بكرێت".
سانع شەریف دەشڵێ: "دەبێ وا وێنا بكەین سەرۆك بارزانی پەیوەندی بە ھیچ پۆست و پلەیەكەوە نییە، بەڵكوو وەك رابەر و مەرجەعە، كە ئەمەش وا دەكات كە ئەگەر سەرۆك ھیچ پێگەیەكی فەرمییشی نەبێت، هەر وەك مەرجەع و پێشەوای كورد سەیر دەكرێت".
هەر لەو بارەیەوە، د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "سەرۆك بارزانی لەسەر داخوازیی شاعەبدوڵڵا سەردانی ئەو وڵاتەی كردووە، لە سەردانەكەدا فەرشی سووری بۆ ڕاخراوە و شاندی باڵا بە سەرۆكایەتیی مەلیك فەیسەڵی برای شاعەبدوڵڵا وەك ئەتەكێتی دیپلۆماسی لە فڕۆكەخانەی عەممان پێشوازی لێ كراوە، دواتر سەرۆك لەگەڵ شاعەبدوڵڵا كۆبوونەوەی كردووە و لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندیی ئوردن و عێراق و ئوردن و هەرێمی كوردستان باسی لێوە كراوە".
سەبری گوتیشی: "هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، ئوردن لە سەرجەم بوارەكانی وەك ئەمنی، سیاسی و برایەتی، پشتیوانیی خۆی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردووەتەوە، كە لە كۆبوونەوەكەدا بەڕٍێوەبەری نووسینگەی تایبەتی شای ئوردن و وەزیری ناوخۆ و هەواڵگری و دیوانی وەزیران و بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی ئوردن لە وەزارەتی دەرەوەی ئوردن و راوێژكارەكانی مەلیك بەشدار بوون".
بە گوتەی د. ڤیان، ئوردن و شاعەبدوڵڵا گرینگییەكی زۆر بە سەرۆك بارزانی دەدەن و دەیانەوێت بە هۆی پێگەی بەهێزی بارزانییەوە هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكەدا تێك نەچێت، بێگومان سەرۆك بارزانییش وەك ڕابەر و مەرجەع، بۆ ئوردن گرینگە و سەردانی ئەم دواییەی بارزانی بۆ بەغدایش، گرینگیی پێگەی سەرۆك بارزانی تەواو دەرخست.
دەشڵێ: "ئوردن دەیەوێت پەیوەندیی ئابووری و سیاسی لەگەڵ كوردستاندا فراوان بكات و گرینگیی زیاتر بە كوردستان بدات".
هاوكات د. ناسیح غەفوور، چاودێری سیاسی و شارەزا لە پڕۆتۆكۆڵی نێودەوڵەتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "سەرۆك بارزانی لە ئاستی وڵاتانی دراوسێ و جیهان و ناوچەكەش پێگەكەی دیار و بەهێزە، لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش ددانیان بەو راستییەدا ناوە".
د. ناسیح زیاتر ڕوونی كردەوە: "لە دوای ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر، خەڵكێك پێی وابوو كە كۆتایی بە ژیانی سیاسیی پارتی و بارزانی هاتووە، بێئاگا لەوەی ئەو ڕۆڵەی ئێستا بارزانی لە ناوچەكەدا دەیگێڕێت، بێوێنەیە و لە دەرەوەی پێشبینیی هەندێك كەسە، پێگەی بارزانی لە ئاستی ناوچەكەدا لە جاران زیاتر بەهێز بووە، ئەو پێشوازییەی لە ئوردن لێی كرا، دەرخەری ئەو راستییەكە كە بارزانی توانای ڕاگرتنی باڵانسی سیاسی لە ناوچەكەدا هەیە، داستانی پردێ و سحێلا و ڕۆڵی قارەمانانە و مەیدانیانەی سەرۆك بارزانی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، جارێكی دیكە دۆست و نەیارانی كوردی هێنایەوە سەر هێڵ كە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ لای بارزانی".
گوتیشی: "پێشوازیی شاعەبدوڵڵا لە سەرۆك بارزانی، لە ئاستی پێشوازیكردن لە سەرۆكی دەوڵەتێك بوو، جۆری دانیشتنی شای ئوردنیش بەرانبەر بە بارزانی، دەرخەری ئەو رێزەیە كە لە بارزانی دەگیرێت".
قائید میرۆ – كارزان هەورامی




