نووسینگەی رۆژنامەوانیی میرانی: نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی هیی كورد و كوردستانن

هەولێر-KDP.info- نووسینگەی رۆژنامەوانیی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە چاوپێكەوتنێكی فازڵ میرانی، لە بەشی كوردیی دەنگی ئەمەریكا، ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە.
لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە: "بە داخەوە لە چاوپێكەوتنی بەڕێز سكرتێری م.س لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا/ بەشی كوردی، وا هاتووە كە گوتراوە جەنابی نێچیرڤان بارزانی نیوەی هیی پارتییە و نیوەی هیی كوردە، بەڵام كاك قوباد تاڵەبانی نیوەی هیی یەكێتییە و نیوەی هیی پارتییە".
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی، هەروەها ئاماژەیشی داوە: "لە راستیدا مەبەستی كاك فازڵ میرانی ئەوە بووە كە هەردوو بەڕێز تەنیا هیی حزبەكانی خۆیان نین، بەڵكوو هیی كورد و كوردستانن، بۆ ئەوەی ناحەزان بە هەڵە تەفسیری نەكەن، بە پێویستمان زانی ئەو راستكردنەوەیە بڵاو بكەینەوە".




