٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاخەوان: ئومێد زۆرە لە قۆناغی گفتوگۆكانەوە بۆ دۆخی كه‌ركووك بچینە قۆناغی كرداریه‌وە

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info- شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، كاتی كۆبوونەوەیەكی تر لەگەڵ ئەمەریكاییەكان لەبارەی پرۆژەكەیان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە ئاشكرا دەكات و دەڵێ: "لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا كۆ دەبینەوە و ئومێد زۆرە لە قۆناغی گفتوگۆكانەوە بچینە قۆناغی كردارەوە".

رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 24-1-2019‌، ئەمەریكاییەكان لە شاری بەغدا لەگەڵ پێكهاتە و لایەنەكانی شاری كەركووك كۆ بوونەوە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شاری كەركووك و، پڕۆژەیەكیان ئامادە كردووە و داویانە بە‌ پێكهاتە و لایەنەكانی ئەو شارە.

لەبارەی كاتی كۆبوونەوەی داهاتوویان لەسەر ئەو بابەتە، شاخەوان عەبدوڵڵا، ‌بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پاش ئەوەی لە كۆبوونەوەی ڕابردوودا ئەمەریكاییەكان پڕۆژەكەی خۆیان بۆ ئاساییكردنەوەی شاری كەركووك دا بە لایەنەكان و بۆ ئەوەی لەگەڵ سەركردەكانی خۆمان كۆ ببینەوە و ڕای ئەوان بەرینەوە لەسەر ئەو بابەتە، بڕیار وایە لە دوو هەفتەی داهاتوودا كاتێكی تر دیاری بكەین بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی تر لەبارەی پرۆژەكە ئەنجام بدەین و بچینە قۆناخێكی ترەوە."

دوای كۆبوونەوەكەی ڕابردوو، بەشێك لە لایەنە عەرەبی و توركمانەكانی شاری كەركووك لە ڕاگەیاندنەكانەوە دژایەتیی خۆیان بۆ پڕۆژەكەی ئەمەریكا دەربڕی ، بەڵام شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت‌: "ئەو دژایەتییەی باس دەكرێت، دەبێ نەمێنێت، ئەمەریكاش زۆر گوێ بەو بابەتە نادات و ئەوانیش دەزانن ئەو پرسە زۆر جددییە، بۆیە نەیانتوانی لای خۆیان بڵێن دژین و لە كۆبوونەوەكەدا وەڵامیان نەدایەوە، لەبەر ئەوە پێشبینی دەكەین هەنگاوەكان بەرەو باشی بڕۆن‌."

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شاری كەركووك،‌ گوتیشی‌: "پێمان وایە هەنگاوی باش دەنرێت و ئومێد زۆرە كە لە قۆناغی گفتوگۆكانەوە بچینە قۆناغی كردارەوە".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار