٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عیرفان کەرکووکی: ھەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی کەرکووک دەستی پێ کردووە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاریان کردووە بە پێی دەستووری عێراق ھەرێمی کوردستان و بەغدا مامەڵە لەگەڵ ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ بکەن و، سەرکردەیەکی تورکمانیش دەڵێ، پێشمەرگە دەگەڕێتەوە کەرکووک و ھەنگاوی کردەییش نراوە.

عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ھەنگاوی گرینگ نراون بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک و لایەنەکان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کۆ بوونەتەوە، بێگومان ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک داخوازیی ھەموو لایەنەکانە، ئێمەیش دەمێکە ھەڵویستی خۆمان ئاشکرا کردووە، کە دەبێ ڕەوشی ئێستای کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و گۆڕانکاری تێدا بکرێت."

سەرۆکی گەلی تورکمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پێویستە ھێزەکانی ئێستای کەرکووک لە شارەکە دەربچن و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ھێزی دژەتیرۆر کشاوەتەوە و ھێزێکی نوێ ھاتووەتە کەرکووکەوە، ئەمەیش ھەنگاوی یەکەمە بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک."

دەشڵێت: "پڕۆژەی ئەمەریکا بۆ کەرکووک پڕۆژەیەکی ھەمەلایەنەیە و لە بەرژەوەندیی ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووکدایە، لەبەر ئەوەی بە پێی پڕۆژەکە ھێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە کەرکووک و دەوروبەری و بە ھەماھەنگی لەگەڵ سوپای عێراق ناوچەکە دەپارێزن."

لەبارەی کاتی ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک و ھەنگاوی کردەییەوە، عیرفان کەرکووکی ئاشکرای کرد: "ھەنگاو نراوە، ئەوەتا بەغدا ھێزی دژەتیرۆری کشاندەوە و ئامادەیی نیشان داوە ناوچەکانی دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق چۆن لە دەستووردا ھاتووە بە ھەمان شێوە و میکانیزم بە ھاوبەشی بەڕێوە ببرێن، واتە پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکەوە لەو ناوچانە جێگیر دەبن، کە گەڕانەوەی پێشمەرگە داخوازیی خەڵکی کەرکووکیشە بۆ پاراستنیان."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار