كرمانج عەبدوڵڵا: دۆخی مەخموور باش نییە
__2019_01_27_h15m14s57__HK.jpg)
مەخموور -KDP.info- لە ناوچە كوردستانییەكان، داعش جووڵەیان تێ كەوتووەتەوە، پێشمەرگەش بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جموجووڵ و زەبرێكی چەكداری، ئامادەیە. بەرپرسی لقی 23ی مەخمووریش دەڵێ، دۆخی مەخموور و ناوچەكانی دیكە باش نییە و ڕۆژ بە ڕۆژ جموجووڵی داعش زیاتر دەبێت.
لە ساڵی 2018ـوە تاوەكو ئێستا، هاوپەیمانان بە هەماهەنگیی هێزی پێشمەرگە، زیاتر لە 80 جار بنكە و حەشارگەكانی داعشیان لە قەرەچووخ بۆردوومان كردووە و دەیان چەكداریان لێ كوشتوون.
پێشمەرگەی كوردستان لە درێژاییی زنجیرەچیای قەرەچووخ جێگیرن، فەرماندەكانی پێشمەرگەش لە ناوچەكە ئاشكرای دەكەن، تیرۆریستانی داعش دەچنە گوندەكان و داوای نان، ئاو و هاوكاری دەكەن، هەر كەسێكیش هاوكارییان نەكات، سزا دەدرێت.
كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی 23ی پارتی لە مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "دۆخی مەخموور و ناوچەكانی دیكە باش نییە و لەو ناوچانەدا ڕۆژبەڕۆژ جموجووڵی داعش زیاتر دەبێت".
عەبدوڵڵا دەشڵێ: "لە زۆربەی زۆری ئەو ناوچانەی كە پێشتر پێشمەرگەی لێ بوو، بە تایبەت لە ناوچەكانی ماددەی 140، ئێستا داعش زۆر بە ئازادانە هاتوچۆیان تێدا دەكات و دەبینرێن، ڕێگاچارەش بۆ نەمانی داعش لەو ناوچانەدا، ئەوەیە كە ماددەی 140 بە پێی دەستوور جێبەجێ بكرێت، ئەگەرنا مەترسیی داعش ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێت".
ڕابین شێروانی




