سەرۆکی ژووری بازرگانییVOKA ی بەلجیکا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات

بەلجیکا-KDP.info- ھەرێمی کوردستان بەسەر قەیرانەکانی ئەو سێ ساڵەی ڕابردوودا زاڵ بوو و ئیستا وەک سەرەتایەکی نوێ خەریکی خۆکۆکردنەوەیە بۆ باشبوونی ئابووری و وەبەرھێنان لە کوردستان، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، شاندێکی ژووری بازرگانیی VOKAی بەلجیک لە چەند ڕۆژی ئایندەدا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات بۆ وەبەرھێنان و پێکەوەکارکردن.
پەیوەست بەم پرسە، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، دلاوەر خالید ئاژگەیی، بە ماڵپەڕیی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەم چەند ڕۆژەی ئایندەدا سەرۆکی ژووری بازرگانییVOKAی بەلجیکا وەک سەرەتایەک بۆ بەرەوپێشچوونی بازرگانی و پیشەسازی و لە یەکنزیکبوونەوەی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا گرنگ و مەزنەکانی بەلجیکا، بەتایبەتی ھەرێمی فلاندەرز، سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات و دواتر شاندەکەی ژووری بازرگانیی VOKA لە ١٥ی ٣ی ٢٠١٩ سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن."
ئاژگەیی گوتیشی: "نەمان و کەمبوونەوەی داعش و ئەو بارودۆخە نوێیەی دوای قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان و زاڵبوون بەسەر زۆربەی کێشەکاندا، ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی و سیاسی و ئاڵوگۆڕی ئابووریی گرنگ لە ناوچەکەدا."
فایزە کۆیی




