لیژنەی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی شەڕی داعش دەستبەكار بووە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی شەھیدان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، لیژنەی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی شەڕی داعش دەستبەكار بووە و لە پڕۆژەیاسای بودجەشدا پارەیان بۆ تەرخان كراوە، بۆیە ھەر كەسێك زیانی بەركەوتووە، قەرەبوو دەكرێتەوە.
ھەدار بارزانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ئەو كەسانەی كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش زیانیان بەركەوتووە وەكو شەھید و بریندار و بێسەروشوێنەكان، بەپێی یاسای ژمارە ٢٠ قەرەبوو دەكرێنەوە و لە پڕۆژەیاسای بودجەشدا پارەیان بۆ تەرخان كراوە.
لە ئێستادا لیژنەی زیانلێكەوتووانی شەڕی داعش دەستبەكار بووە كە پێشتر ئەو لیژنەیە ھەبوو، بەڵام كارا نەبوو، وەك ھەدار بارزانییش گوتی: "ئێمە لەگەڵ وەزارەتی شەھیدان و وەزارەتی پێشمەرگە لە ھەوڵداین رێگایەكی ئاسایی بدۆزینەوە بۆ ئەوەی زیانلێكەوتووان بە شێوەیەكی ئاسان قەرەبوو بكرێنەوە".
دەشڵێ، ھەر كەسێك زیانی بەركەوتووە، دەتوانێ دۆسیەی خۆی پێشكەشی لیژنەكە بكات، دواتریش لیژنەكە بڕیار دەدات كە كێ قەرەبووبكرێتهوه و چۆن قەرەبووكردنەوەكە دەیگرێتەوە، بەڵام ئەوەی گرینگە، بڕیاری قەرەبووكردنەوەیان دەرچووە.
بڵند ئیبراھیم




