بێشكچی بۆ KDP: ناوچهكه لە دروستبوونهوهدایە.. دهبێ كورد بزانن كاتی یەكبوونیانه

هەولێر-KDP.info- گەورەنووسەر و كۆمەڵناسی تورك و دۆستی دێرینی گەلی كورد ئیسماعیل بێشكچی دەڵێ، هاتنی شاند و سەركردە سیاسییەكان بۆ هەرێمی كوردستان، دەرخەری ئەوەیە كە كوردستان پێگەیەكی گرینگی لە ناوچەكەدا هەیە.
ئیسماعیل بێشكچی، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كاندیدكردنی هەر یەك لە نێچێرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ، مەسروور بارزانی بۆ كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، بە بڕیارێكی تەندروستی پارتی دەزانێت، هاوكات هیواداریشە كابینەی نوێی حكوومەت زوو پێك بهێندرێت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەپەلەتر كارەكانی بەڕێ بكات و ئەكتیڤانەتر كاری خۆیان ئەنجام بدەن.
ماوەیەكە چەندین شاندی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی سەردانی هەولێر دەكەن، بە تایبەت سەردانی سەرۆك بارزانی، لەو بارەیەوە بێشكچی، سەرۆك بارزانی بە سیاسەتڤانێكی گرینگ و بەبەیاخ و لێهاتوو پێناسە دەكات و دەشڵێ: "هاتنی شاند و سیاسەتمەداران، بۆ گوێگرتنە لە هزر و بیری سەرۆك بارزانی، هاتنی ئەم شاندانە لەم كاتوساتەدا، نیشانەی ئەوەیە كە كورد هێزێكی گرینگی دیپلۆماسییە لە ناوچەكە و جیهانیشدا".
بە بۆچوونی ئەو گەورەنووسەرە توركەی دۆستی گەلی كورد، سەبارەت بە تێڕوانینی وڵاتانی زلهێز بۆ رۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و كورد بە تایبەتی، پێی وایە ئەوەی لە هەمووان گرینگترە كوردە، كە چۆن دەڕواننە رۆژهەڵاتی ناوین، ئەویش لە دوای ئەو هەموو تیكۆشان و قوربانیدانەی داویانە، هاوكات بوونی نفووسێكی زۆری كورد لە نێو گەلانی جیهاندا، كەچی تا ئێستا كورد جێگەی خۆیان نەگرتووە، گوتیشی: "ئەو كاتەی كورد لەم پرۆسەیە تێبگەن، ئەوا دەزانن كاتی یەكبوون و یەكڕیزیی كورد هاتووەتە ئاراوە"، ئەمەش بە بۆچوونی بێشكچی، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەمەریكا بە ئەرێنییەوە بەرانبەر بە كورد بڕوانێت، لە دوای ئەو هەموو تێكۆشان و قوربانیدانەی كورد، كە تا ئێستا هەستی كوردەواریی كوردەكان بەرەو پێش نەچووە، بە كەماسییەكی گەورە ناو دەبات.
ناوبراو تیشك دەخاتە سەر ئەوەی، كە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوین سەرلەنوێ لە دروستبوونهوهدایە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت،كە كورد خەبات و تێكۆشان بكەن بە مەبەستی جێگەگرتن لە نەخشە نوێیەكەدا.
سووریا بووەتە گۆڕەپانی زلهێزان و كوردیش بەشێكی ئەو وڵاتەن، كوردانی رۆژئاواش بۆ ئەوەی بە مافەكانیان بگەن و دەستكەوتیان هەبێت لەو هاوكێشەدا، بێشكچی، نایشارێتەوە، كە كورد لەگەڵ سووریادا بن، هیچ گرینگییەكیان بۆ نابێت، بۆیە پێی وایە كە دەبێت كورد لەو پارچەیەدا بیر لە هەستی یەكڕیزی و یەكبوون بۆ تێكۆشان بكەنەوە، بۆ وەدەستهێنانی دەستكەوتەكانیان.
هاوكات ئیسماعیل بێشكچی، بە باشی دەزانێت، كە پێشمەرگەی رۆژ بگەڕێنەوە رۆژئاوای كوردستان، گوتیشی: "ئەو دژایەتیەییەی دەرهەق بە پێشمەرگەی رۆژ دەكرێت، لەسەر خواستی سووریا و رژێمەكەیەتی"، هەربۆیەشە پێی وایە ئەگەر پەیەدە دەیەوێت خواستەكانی سووریا جێبەجێ بكات، ئەوا ئەم رێگرییەی لە هێزەكانی پێشمەرگەی رۆژ، دەبێتە دژایەتیی گەلی كورد و كوردستان.
كاروان باعهدری




