٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخ جەعفەر: خانەقین كەوتۆتە مەترسییەوە.. كە شەودادێ كەس خاوەنی ناوچەكە نامێنێت

سەرچاوە: KDP.info

 

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی گوتی، پێشتر داعش تەنیا لە دەوروبەری خانەقین كردەوەی تیرۆریستیی ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا ھێرشەكانی لە سەنتەری شار نزیك كردووەتەوە و شەوی ڕابردووش ھێرشێكی كردووەتە سەر سەربازگەیەك و دوو پۆلیس و دوو ئاسایش بریندار بوونە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر تیرۆریستانی داعش لە دەوروبەری خانەقین كردەوەی تیرۆریستییان ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا گەیشتوونەتە ناوشار و بازگەیەك ھەیە بە ناوی بەختیاری، كە لە پشت بارەگای لقی ئێمەیە و داعش ھێرشی كردووەتە سەری و دوو پۆلیس و دوو ئاسایش بریندار بوونە، كە شەڕ گەیشتۆتە ئەو ناوچەیە، واتا ئەمنییەتی شار دەكەوێتە مەترسییەوە، چونكە خەڵكی خانەقین بە ئاسانی گوێیان لە تەقە بووە".

شێخ مستەفا گوتیشی، داعش پێشتر تەنیا كردەوەی تیرۆریستییان ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا گۆڕیویانە بۆ ھێرشكردن و بە چەكی دوورھاوێژیش تەقە دەكەن و پاسەوانەكان دەكەنە ئامانج.

دەشڵێ، تەنیا لەم مانگەدا داعش زیاتر لە ٢٠ھێرشی بۆ سەر ھێزە ئەمنییەكان ئەنجام داوە و لە ماوەی دوو رۆژەدا ئەمە دووەم ھێرشە ئەنجامی بدەن.

بە گوتەی شێخ جەعفەر، ئەو ھێزانەی لەوێن، توانای پاراستنی ئەمنییەتی ناوچەكەیان نییە و پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە، ئەگەر نا بەو شێوەیە دۆخەكە بەرەو خراپتر دەچێت، چونكە كە دەبێتە شەو،  كەس خاوەنی ناوچەكە نامێنێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار