كونسووڵی گشتیی فەرەنسا سەردانی فراكسیۆنی پارتیی کرد

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی ئاگاداربوون لە گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کونسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان سەردانی فراکسیۆنی پارتیی لە پەرلەمانی کوردستان کرد.
بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دواین ڕەوشی سیاسی و گفتوگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەكان بۆ دەستنیشانكردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دومینیك ماس، كونسووڵی گشتیی فەرەنسا و شاندی یاوەری سەردانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتیان لە پەرلەمانی كوردستان كرد و لە لایەن هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆن و ژمارەیەك لە ئەندامی فراكسیۆنەوە پێشوازی كران.
لە دیدارەكەدا هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، باردۆخی سیاسیی كوردستان و گفتۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هەریەكە لە یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و پەیوەندییەكانی ئێستای نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی شی كردەوە.
سەبارەت بە گفتوگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، هێمن هەورامی ڕایگەیاند: "ئێستا گفتوگۆكان بەردەوامن و هەوڵ دەدرێت بەزوویی گفتوگۆكان بە ئەنجام بگات و سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابمەزرێت."
دەربارەی كاری هاوبەش و ڕۆڵی پێكهاتەكان وەك كریستیانەكان و توركمانەكان، هێمن هەورامی گوتی: "كوردستان هی هەموو پێكهاتە و ئایین ئایینزاكانە و دەبێ ڕۆڵیان هەبێت و پارتی جەخت دەكاتەوە لەسەر بەشداریپێكردینان و پێدانی ڕۆڵی زیاتر بە كریستیانەكان و توركمانەكان كە دوو نەتەوەی سەرەكی و گرینگی كوردستانن."
هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی تیشكی خستە سەر كارنامەكان بۆ بەدامەزراوەكردنیان لە چوارچێوەی بوونی دەستوورێكی شایستە بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها چاكسازییەكی گشتگیر و خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان.
لە كۆتاییی كۆبوونەوەكەدا دومینیك ماس، كونسووڵی گشتیی فەرەنسا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەم سەردانە و هیوای خواست گفتوگۆی لایەنەكان بە زوویی بگاتە ئەنجام و پشتیوانیی خۆیشیان بۆ هەر گفتوگۆیەكی ئەرێنی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ حكوومەتی عێراق نیشان دا.
هەمان ڕۆژ هێمن هەورامی بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامی پەرلەمان پێشوازیی لە بەشێك لە قوتابیانی زانكۆی ڕاپەرین كرد و لە دیدارەكەدا هێمن هەورامی پوختەیەك لە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و گفتوگۆی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی ڕوون كردەوە.
هەر لە دیدارەكەدا هێمن هەورامی ڕۆڵی قوتابیانی لەناو گۆمەڵگادا بەرز نرخاند و گوتی: قوتابیان هێزێكی لەبننەهاتووی ناو كۆمەڵگان و دەتوانن هاوكار و هەماهەنگ و پشتیوان بن بۆ دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و بۆ ئەم مەبەستە دەبێ گرینگیی زیاتر بە زانست و خوێندن بدرێت، بۆ ئەوەی هاوشان لەگەڵ كۆمەڵگا پێشكەوتووەكان لەگشت بوارێكدا ئاستی زانستیمان بەرەو پیش بچێت.
پاشان قوتابیانی زانكۆی ڕاپەرین سوپاس و پێزانینی خۆیان گەیاندە فراكسیۆنی پارتی بۆ ئەم پیشوازییە و خوازیار بوون گفتوگۆی لایەنەكان بە ئەنجام بگات و بە زوویی كابینەی نۆیەم دەستبەكار بێت.





