شاندی گۆڕان سەردانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەکات

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، بە مەبەستی گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم كۆ دەبنەوە.
بە مەبەستی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ چەند لایەنێكدا چەند گەڕێكی گفتوگۆی دەست پێكردووە، بڕیارە ئەمڕۆیش شاندی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی شاری هەولێر بكات و لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا بۆ هەمان مەبهست كۆ ببنەوە.
بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیارە سەعات ١١ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندەكەی بزووتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی پێكهێنانی كابینەی نوێ، سەردانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان، ھەنگاوی خێرا دەنێت لە پێناو ئەوەی، كە لە ماوەیەكی كەمدا بتواندرێت كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێك بهێندرێت.
خێڵان بەختیار




