٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتیی مامۆستایان: قوتابییە ئاوارەكان لە ئێستادا ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان

سەرچاوە: KDP.info

 ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەڵێ، ئەگەر حكوومەتی عێراق مووچەی مامۆستایانی عەرەب ببڕێت، قوتابییە ئاوارەكان بێبەش دەكرێن لە خوێندن، چونكە بەو دۆخەی ئێستای ناوچەكەیان، ناتوانن بگەڕێنەوە.

  حكوومەتی عێراق دوایین مۆڵەتی داوەتە مامۆستایانی عەرەب لە ھەرێمی كوردستان، كە لە قوتابخانەی ئاوارەكان وانە دەڵێنەوە و ئەگەر تاوەكو ٣٠ی ئەم مانگە نەگەڕێنەوە، مووچەكەیان دەبڕن، كە مامۆستاكانیش خەڵكی ھەر سێ پارێزگای مووسڵ، ئەنبار و سەڵاحەددینن و زیاتر لە چوار ھەزار مامۆستا دەبن، چونكە تاوەكو ئێستا بە ھۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و ئەمنییەتەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان، بگرە ئەو ئاوارانەی گەڕاویشنەتەوە، جارێكی دیكە ئاوارە دەبنەوە و بەپێی ئامارێكی حكوومەتی ھەرێمیش تاوەكو ئێستا ٥ھەزار ئاوارە جارێكی دیكە ئاوارەی ھەرێمی كوردستان بوونەتەوە. 

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی عێراق ئەمە چەندین جارە گوشار لەسەر مامۆستایانی عەرەب دروست دەكات كە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان، ئەوانیش لە ھەرێمی كوردستان لە ئارامیدا دەژین و ھیچ كێشەیەكیان نییە و نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ عێراق، چونكە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی زۆر باش پێشوازی لێ كردوون و شوێنیشی بۆ دابین كردوون، بەڵام ئێستا جارێكی دیكە حكوومەتی عێراق ھەڕەشەی بڕینی مووچە لەو مامۆستایانە دەكات". 
گەرمیانی باسی لەوەش كرد، ئەگەر حكوومەتی عێراق مووچەی ئەو مامۆستایانە ببڕێت، قوتابییە ئاوارەكان بێبەش دەبن لە خوێندن، چونكە ئەمە ڕێگاچارە نییە حكوومەتی عێراق گرتوویەتییە بەر و پێویستە سەرەتا ئەمنییەت لە ناوچەكانیان هەبێت و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكات، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە و بەو جۆرە زۆر ئەستەمە بگەڕێنەوە.  گوتیشی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ لارییەكی نییە لەوەی ئاوارەكان لە ھەرێمی كوردستان بمێننەوە و ھەر چی لە توانایشیدا بێت، ھاوكارییان دەكات. 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار