فراكسیۆنە كوردستانییەكان: هەموو هەوڵێك بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان دەخەینە گەڕ

بەغدا-KDP.info- فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، راگەیەندراوێكیان بڵاو كردەوە و رایانگەیاند، هەموو هەوڵێكی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان، دەخەنە گەڕ.
ئەمڕۆ دووشەممە، شەش فراكسیۆنی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرپەرشتیی د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كۆ بوونەوە.
دوای كۆبوونەوەكە، لە ڕاگەیەندراوێكدا، كە وێنەیەكی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، جەخت كراوەتەوە كە، هەموویان كۆكن لەسەر ئەم خاڵانە:
یەكەم: فراكسیۆنە كوردستانییەكان پاڵپشتیی داخوازیی ڕەوای سەرجەم پارێزگاكانی عێراق دەكەن، بە تایبەت بەسڕە و نەینەوا و سەرجەم ئەو ناوچانەی پێویستیان بە ئاوەدانكردنەوە هەیە.
دووەم: فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەموو هەوڵێكی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان، بە تایبەت لە پرسی بودجەدا، لەم رووەشەوە داوا لە هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵی دەكەن، پابەند بن بە یاسای بودجەی عێراقەوە دوای پەسندكردنی.
سێیەم: فراكسیۆنە كوردستانییەكان جەختیان كردەوە لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی نێوان (نوێنەرانی كورد و حكوومەتی هەرێم و كاربەدەستانی كورد لە حكوومەتی فیدڕاڵ) بە شێوەیەكی شەفاف و بەردەوام.
چوارەم: فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆك بوون لەسەر گرنگیی شەفافیەت لە دۆسییەی نەوتی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان و هەوڵدان بۆ باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.
پێنجەم: فراكسیۆنە كوردستانییەكان رێك كەوتن لەسەر بەردەوامیی كۆبوونەوە هاوبەشەكان بە شێوەیەكی مانگانە بۆ ئەو پرسانەی كە پەیوەستن بە ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكانەوە.
ئەم فراكسیۆنانەی خوارەوە لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بوون و واژۆیان لەسەر ئەم خاڵانە كردووە:
پارتی دیموكراتی كوردستان.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
بزووتنەوەی گۆڕان.
هاوپەیمانیی دیموكراسی و دادپەروەری.
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان.
كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان.
نەشوان بەرزنجی




