٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمڕۆ فراكسیۆنە كوردییەكان سەبارەت بە بودجە كۆدەبنەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی نوێنەران بودجە پەسەند بكات، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتییش دەڵێ، ئەمڕۆ فراكسیۆنە كوردییەكان كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجام دەدەن، بۆ ئەوەی ھەمووان سەبارەت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی، یەكھەڵوێست بن.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، د. ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ ببێتەوە و تێیدا پڕۆژەیاسای بودجە خوێندنەوەی بۆ بكرێت و دواتریش دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێت.

د. ڤیان گوتیشی: "ئەمڕۆ وەك فراكسیۆنە كوردییەكان كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجام دەدەین، بۆ ئەوەی ھەڵوێستی خۆمان سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجە دیاری بكەین و یەكھەڵوێست بین، تا مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەران و كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لە بودجەدا جێگیر بكرێت و لەگەڵ كێشە سیاسیەكان تێكەڵ نەكرێت، كە بەپێی دەستوور ئەمە مافی خۆیانە".

سەبری باسی لەوەش كرد، لەھەوڵدان بۆ ئەوەی فراكسیۆنەكانی دیكەش رازی بكەن لە بەرژەوەندیی ھەرێمی كوردستان دەنگ بدەن، "بەشێكی فراكسیۆنە عێراقییەكانیش پشتگیری لە ئێمە دەكەن، بۆیە گەشبینین بتوانین ئەو پڕۆژەیاسایە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان پەسەند بكرێت".

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار