ھێزەکانی ئەمەریکا بەنیازن بگەڕێنەوە خانەقین
__2019_01_20_h17m24s1__HK.jpg)
خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی، ھێزەکانی ئەمەریکا ھاتبوونە خانەقین و بەنیازن بارەگاکانی خۆیان بکەنەوە، ئەمەش وای کردووە حەشدی شەعبی ترسێکی گەورەی لێ نیشتووە و لە چەند شوێنێکیش دوو گرووپی حەشدی شەعبی ھێزەکانیان کشاندووەتەوە، بۆیە ئەگەر ھێزی ئەمەریکا بگەڕێنەوە جۆرێک لە ئارامی لە ناوچەکە دروست دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەمەریکییەکان باسیان لەوە کردبوو لەگەڵ ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەگەڕێنەوە.
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا سەردانی بارەگا کۆنەکانی خۆیان کردووە لە خانەقین، ھێزەکانی سەرایا سەلام و گرووپی خەزعەلی ھێزەکانی خۆیان لە جەلەولا و دەوروبەری خانەقین کشاندووەتەوە و ترسێکی گەوریان لێ نیشتووە."
شێخ جەعفەر مستەفا گوتیشی: "ھێزەکانی ئەمەریکا لە خانەقین سەردانی بارەگای کۆنی خۆیان لە بەرامبەر دادگای خانەقین و شوێنی فەرماندەیی ھێزەکانی گەرمیان و سەربازگەی کوبرا و لە سنووری نەفتخانە سەربازگەی باخچەیان کردووە و بە خەڵکیان گوتبوو، دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکە و بارەگا کۆنەکانی خۆیان وەردەگرنەوە."
شێخ مستەفا باسی لەوەش کرد: "سەردانی بارەگای لقی ئێمەشیان کردبوو کە حەشدی شەعبی لێ بوو، بەڵام حەشدی شەعبی ھیچ قسەیان نەکردبوو، بەڵام باسیان لەوە کردبوو ئێمە بە ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەگەڕێینەوە بۆ ناوچەکە، ئەمەش خاڵێکی گرنگە و دەبێتە ھۆی ئەوەی توندوتیژی نەمینێت و ئارامی بگەڕێتەوە ، لەبەر ئەوەی ھیچ بۆشاییەکی ئەمنی نامێنێت."
بڵند ئیبراھیم




