بە هۆی بەفربارینەوە، شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستان پڕ بوون لە گەشتیار
__2019_01_19_h12m17s53__RM.jpg)
سۆران -KDP.info- بە هۆی بەفربارینەوە، ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هاتوونەتە كوردستان و ئەمەیش داهاتی گەشتوگوزاری بەرز كردووەتەوە. گەشتیارانیش داوا دەكەن زیاتر گرینگی بە گەشتیاری زستانە بدرێت، بۆ ئەوەی كاتێكی خۆش لەناو بەفر و شوێنە گەشتیارییەكاندا بەسەر ببەن.
محەممەد یوونس، كە گەشتیارێكی ناوەڕاستی عێراقە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "كەشێكی زۆر خۆشە، دوو رۆژە لێرەین و كاتێكی خۆشمان لە كوردستان بەسەر بردووە، لەگەڵ ئەوەی هێزە ئەمنییەكانیش هاوكارن بۆ ئەوەی ئەمنییەتی هاووڵاتیان پارێزراو بێت".
موهەننەد قوسەی، گەشتیارێكی دیكەیە، دەڵێ: "ئێمە لە نەجەفەوە هاتووین و كاتێكی خۆشمان لە كوردستان بەسەر بردووە، ئەوەش بۆ بارینی بەفر دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەی دەمانەوێت بەناو هەموو هەرێمی كوردستاندا بگەڕێین و شوێنە گەشتیارییە دڵڕفێنەكان ببینین".
زەینەب بورهان، كە گەشتیارێكی ترە و زیاتر لە 3 رۆژە لە ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان دەگەڕێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، روونی كردەوە: "كوردستان سرووشتێكی جوانی هەیە و بە بارینی بەفر بە تەواوەتی سپیپۆش بووە، بەڵام نرخەكان كەمێك گرانن، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان چاوێك بە نرخی هۆتێل و خواردن و خواردنەوەكاندا بخشێننەوە، بۆ ئەوەی گەشتیاری زۆرتر روو لە هەرێمی كوردستان بكەن".
عەباس فازڵیش، كە لە بابلەوە بۆ گەشت و سەیران هاتووەتە كوردستان، گوتی: "پێمان خۆش بوو هەموو پێكەوە بەو زستانە ساردە و لە كەشێكی بەفراویدا روو لە هەرێمی كوردستان بكەین، بۆ ئەوەی كاتێكی خۆش بەسەر ببەین".
گوتیشی: "چیای كۆڕەك شوێنێكی زۆر خۆشە و گەشتیارێكی زۆری لێیە، هیوادارین ئێرە زیاتر پێش بكەوێت و خۆشتر بكرێت، بۆ ئەوەی گەشتیاران روو لەو ناوچانە بكەن و كاتێكی خۆش بەسەر ببەن".
هاوكات عەللاوی نووری، كە لە بەغداوە بۆ گەشت و كاتێكی خۆش لەناو بەفردا رووی لە ناوچە كوێستانییەكانی كوردستان كردووە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "كوردستان جەوێكی زۆر خۆشی هەیە و لەناو بەفر شەڕە تۆپەڵە دەكەین و كاتێكی خۆش بەسەر دەبەین، دەمانەوێت چەند رۆژێكی دیكەش لە كوردستان و ناوچە شاخاوییەكانیش بمێنینەوە".
هەر لەو بارەیەوە، بارزان محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ساڵی رابردوو سەرووی یەك ملیۆن گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی سنووری سۆرانیان كردووە، تەنیا سەری ساڵ زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار هاتبوونە ناوچەكە، پلانێكی توكمەمان داناوە كە شوێنە گەشتیارییەكان زیاتر بكەین و سەرنجی گەشتیاران زیاتر بۆ شوێنە گەشتیارییەكان رابكێشین".
ڕابین شێروانی




