كەركووكی: تا دەسەڵات لە كەركووك سەربازی بێت، ئەنجوومەن ناتوانێ كۆ ببێتەوە

كەركووك-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند، تا لە شاری كەركووك دەسەڵاتی سەربازی حوكم بكات، ئەنجوومەنی پارێزگا ناتوانێ كۆ ببێتەوە، بۆیە پێویستە ئەو كێشەیە لە نێوان ھەرێم و بەغدادا چارە بكرێت.
عەدنان كەركووكی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كەركووك داگیر كراوە و بووەتە سەربازگە، كە دژەتیرۆر و سێ فیرقەی پۆلیسی فیدراڵی و ٢٤ گرووپی حەشدی شەعبی تێیدا دەسەڵاتدارن و دەزگا مەدەنییەكان ھیچ رۆڵێكیان نییە و حاكمی سەربازی لەو شارەدا فەرمان دەردەكات، بۆیە تاوەكو دۆخی شارەكە ئاسایی نەكرێتەوە، ھیچ دەزگایەكی خزمەتگوزاری ناتوانێ ھیچ كارێك بكات".
كەركووكی باوەڕیشی وایە، پێویستە لە نێوان ھەرێم و بەغدادا كێشەی كەركووك چارە بكرێت و دۆخەكە ئاسایی ببێتەوە، ئەو كات ئەنجوومەنی پارێزگا دەگەڕێتەوە و پارێزگاری شەرعیی كەركووكیش دەستبەكار دەبێتەوە یاخود كەسێكی دیكەی بێلایەن لە شوێنی دەبێت، بۆیە سەرەتا پێویستە ئەو دۆخە سەربازییەی ھەیە، نەمێنێت و ھەموو ھێزەكان دەربكرێن و ھێزی ناوخۆیی شارەكە بپارێزرێت، هەروەها بۆ دەرەوەی شاریش ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بیپارێزن.
گوتیشی، تاوەكو لە كەركووك دەسەڵاتی سەربازی حوكم بكات، ئەستەمە بتواندرێت ھیچ ھەنگاوێك بنرێت.
بڵند ئیبراھیم




