وەزارەتی بازرگانی: بڕیاری كۆتایی بۆ ھەڵگرتنی گومرگە نایاساییەكان دراوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دوو بڕیاری گرنگ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ھەرێمی كوردستان دراون، ئەوانیش ھەڵگرتنی گومرگە نایاساییەكان و رێگەدانە بەو كۆمپانیایانەی تەنیا مۆڵەتی ھەرێمیان ھەیە و دەتوانن لە ھەموو عێراقدا كار بكەن.
نەوزاد ئەدھەم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوو بڕیاری گرنگ سەبارەت بە ھەرێمی كوردستان دراون، كە سوودی زۆریان بۆ بازرگانانی ھەرێمی كوردستان دەبێت و جموجۆڵی بازرگانییش زۆر زیاتر دەكات لەوەی ئێستا، چونكە ھەم گومرگی كەمیان لێ وەردەگیرێت و ھەمیش كاریان فراوانتر دەبێت".
سەبارەت بەو دوو بڕیارە، ئەدھەم گوتی، یەكێكیان ئەوەیە كە ئەنجوومەنی باڵای ئابووری پێشنیازی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەوەی گومرگە نایاساییەكان لە نێوان ھەرێم و عێراقدا ھەڵبگیرێن و ئەنجوومەنی وەزیرانیش رەزامەندی داوە و پێویستە بە زووترین كات بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت.
دەشڵێ، بڕیاری دووەم ئەوەیە، پێشتر ئەو كۆمپانیایانەی تەنیا مۆڵەتی ھەرێمیان ھەبوو، رێگەیان پێ نەدەدان لە عێراق كار بكەن، بەڵام پێویستە لە ماوەی یەك مانگدا لە ھەموو عێراق و ھەرێمی كوردستان ببێتە یەك مۆڵەت، بەمەش ھەموو كۆمپانیاكانی ھەرێم دەتوانن لە ھەموو عێراقدا كار بكەن.
بڵند ئیبراھیم




